قایمقامی هەولێر: ئامانجمان داخستنی یانە شەوانەكان نییە بەڵكو رێكخستنەوەیانە

نەبەز عەبدولحەمید: تائێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

قائیمقامی هەولێر رایگەیاند، لەمیانی هەڵمەتەكانیاندا بۆ سەر یانە شەوانەكانی شارەكە تا ئێستا نزیكەی 200 كەس دەستگیركراون و 11 شوێنیش داخراون، دەشڵێت ئامانجیان داخستنی شوێنەكان نییە بەڵكو ڕێكخستنەوەیانە بەپێی ڕێنماییەكان.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر بەدەنگی ئەمریكا راگەیاند: ئەوەی كە روویداوە هیچ پەیوەندیەكی بە كەرتی گەشتوگوزارەوە نییە، زۆر كەس وا لێكی دەداتەوە كە زیان بە گەشتوگوزار دەگەیەنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە هەبێت زیان بە كەرتی گەشتوگوزار دەگات ئەمانە شوێنی ڕێگەپێدراو نەبوون و كاری نەشیاویان تێدا ئەنجامدراوە.

وتیشی : ئەو شوێنانە سەرپێچی ڕێنماییەكانیان كردووە ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دێت كە لە پارێزگا دانراوە، ئێمە پێش سەری ساڵیش رامانگەیاند كەوا لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ رێكخستنەوەی ئەو شوێنانە نەوەك داخستنیان.

قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو شوێنانە دەبێت رێكبخرێنەوە و بەپێی ئەو بڕیارانە كار بكەن كە لە پارێزگاوە دەرچووە لە رووی پابەندبوون بەكات هیچ شوێنێك لە جیهاندا نییە كە تاوەكو بەرەبەیان كراوە بێت، پێویستە لە ڕوی ئاسایشی و تەندروستیشەوە ئەو شوێنانە لە ژێر كۆنتڕۆڵدا بن و خەڵك بتوانێت ڕوی تێ بكات بۆیە ئەمە لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی پارێزگا دێت كە مەبەست لێی رێكخستنەوەی ئەو شوێنانەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار