سەرۆکی پارتی مەهەپە: تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی مەهەپە  رایگەیاند:" بەشداریپێکردنی تورکمان لە کایەی سیاسیی عێراق ناچارییەکی مێژوویی و سیاسییە. تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین مافی خۆیانە نوێنەرایەتیی سیاسییان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکرێت. بۆیە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بە تورکمان بدرێت". 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی مەهەپە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەرایەتی تورکمان رایگەیاند "لە دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا حەوت پەرلەمانتاری تورکمان هەڵبژێردران. بەڵام ئەم ژمارەیە لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبووایە ژمارەی نوێنەرانیان سێ هێندە بووایە. بەشداریپێکردنی تورکمان لە کایەی سیاسیی عێراق ناچارییەکی مێژوویی و سیاسییە. تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین مافی خۆیانە نوێنەرایەتیی سیاسییان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکرێت. بۆیە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بە تورکمان بدرێت". 

دەوڵەت باخچەلی، تورکمان بە "پێکهاتەیەکی رەسەنی عێراق" ناودەبات و دەڵێت: "یەکێکن لە سێ فاکتەرەکانی دامەزراندنی عێراق. بۆیە عێراقێکی بێ تورکمان بریندارە نیوەچڵە هەتیووە و سەرباری ئەمەش بێبەشن لە مافەکانیان ئەمە دۆخێکی نادادپەروەرانەیە نایەکسانییە و گرێکوێرەییە". 

سەرۆکی پارتەی تورکیا دیسان "کەرکووک"ی بە شارێکی تورکمانی ناوبرد و وتی: "خاکی تورکمان لە مەندەلییەوە تاوەکو تەلەعفەرە، بووەتە چەقی ناکۆکییەکان و ئەمەش وایکردووە لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵدا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستکاری دیموگرافیای بکرێت. ئەم پیلانگێڕییە تەمەنی کورت نەبووە و هەر بەردەوامە. روونە کامە لایەن کار لەسەر گۆڕینی دیموگرافیاکە دەکەن. کەرکووک شارێکی تورکمانییە و هیچ گفتوگۆ هەڵناگرێت، کەس ناتوانێت شوناسی تورکمان رەش بکاتەوە و فەرامۆشیان بکات". 

دەوڵەت باخچەلی رەخنەی تووندیشی لە تورکمانەکان گرت و وتی: "سەرباری ئەمەش لە نێو تورکمانەکاندا لێکترازان و لەتبوون بەدی دەکرێت بەتایبەتی کێشەی مەزهەبی کە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و کەوتووەتە گیانی تورکمانەکان و چارەسەرنەکردنیشی هەڵەیەکە مایەی قەبووڵکردن نییە". 

باخچەلی وتیشی: "تورکمان سوننە و شیعەی نابێت، تورکمان تورکمانە پێویستیان بەهیچ جۆرە ناو و ناتۆرەیەک نابێت. مەزهەبگەرایی فیتنەیە چەکێکە لە دژی نەتەوە ستەملێکراوەکان بەکاردەهێنرێت هەر کەسێک دەست بەم چەکەوە بگرێت لە ئێمە نییە. تورک و تورکمان بە نەتەوە بران، نەک بە مەزهەب".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار