سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی كۆكردنەوەی ئاژەڵانی بێلانە ڕادەگرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی رایگەیاند: " بڕیارماندا بە ڕاگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە لە ئێستادا".

له‌یلا عومه‌ر، سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "زۆر دڵگرانین بە ڕودانی ئەو کارەساتەی دوێنێ شەوی شێڵتەری ئاژەڵانی بێلانە و لەناوچونی کۆمەڵێک ئاژەڵ، وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بڕیارماندا بە ڕاگرتنی کاری کۆکردنەوە و وەرگرتنی ئاژەڵانی بێلانە لە ئێستادا".

سه‌رۆكی شاره‌وانی سلێمانی باسی له‌وه‌شكردوه‌: "چەند رۆژێکە کە شایەنی سوپاس و دەستخۆشییە کەمپینێکی خۆبەخشانە لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوە و ئەوانیش لای خۆیانەوە ھەستاون بە کۆکردنەوەی ھاوکاری ماددی و مرۆیی بەمەبەستی باشتر بەڕێوەبردن و چاودێری کردنی ئاژەڵانی بێلانە لە شێڵتەرەکەدا، ھەر ئەمڕۆ نوێنەر و بەرپرسی پەیوەندیدارمان راسپاردوە بەدواداچونی پێویست بکات و چەند سامپڵ و نمونەیەک بنێردرێت بۆ پشکنین بۆ ڤێرتینەری و تاقیگە بۆ ئەوەی ھۆکارەکانی ئەو کارەساتە دیاری بکەین". 

له‌یلا عومه‌ر،  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌: "ئێمه‌ چەند کاتژمێرێکی کەم بەر لەو ڕوداوەو لە ڕۆژی پێنجشەممە دەست بەکاربوین، لەھەمان ڕۆژدا داوامان لە بەرپرسی شێڵتەرەکە کرد ڕاپۆرتێکی کورت و پوختمان بۆ ئامادە بکات و پێشنیار و داواکاری پێداویستی و کەم و کوڕییەکانی شێڵتەرەکەمان بۆ بکاتە پاکێجێک تا ئەوەی ئێمەش لای خۆمانەوە ھەرچیمان پێ بکرێت جێ بەجێی بکەین".

ئەمەش لەكاتێكدایە بەهۆی نزمبونەوەی پلەی گەرما و وەرزی ساردو سەرماوە كۆمەڵێكی خەڵكی ئاژەڵدۆست و خەمخۆر هەستاون بە كەمپینی كۆكردنەوەی ئاژەڵانی بێ لانە و كۆكردنەوەیان لە شەڵتەرێكدا.
یەكێك لەو شەڵتەرانەی ژمارەیەكی زۆر سەگی بێلانەی تێدا كۆدراوەتەوە لە نزیك ناوچەی عەربەتی شاری سلێمانییە، بەڵام ماوەی هەفتەیە جۆرە نەخۆشییەك تیایاندا بڵاوبۆتەوە و ژمارەیەكی زۆر لەو سەگانە لەناوچوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار