مەسرور بارزانی: كاركردنمان بە ئاراستەی زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و كەمكردنەوەی گەندەڵی بووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" كاركردن لە كابینەكەمان بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات بێت تا كارئاسانی بكرێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی باجەکان، کەمکردنەوەی گەندەڵی بە جۆرێک کە خەرجی رۆژانەی حکومەت، بە سیستەمی ئۆنڵاین و بەشێوەیەکی شەفاف و روون ئەنجام بدرێت.
رۆژی شەممە 12ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کۆنسوڵ و نێردە و دیپلۆماتانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی باسی لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردووە و بەپێویستی دەزانێت "حکومەتێک بێت خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات و ببێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی عێراق."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاریکردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن."
مەسرور بارزانی باسی کارنامەی کابینەکەی کردووە بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی باجەکان، كارئاسانيكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کە پێیوایە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ برەودان و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەت، بە شێوەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخانە و کەمکردنەوەی گەندەڵی بە جۆرێک کە خەرجی رۆژانەی حکومەت، بە سیستەمی ئۆنڵاین و بەشێوەیەکی شەفاف و روون ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و رەنگدانەوەی لە حکومەت گوتی، "وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام نەمانهێشتووە ئەو کێشە و ناکۆکییانە، رەنگدانەوەی نەرێنی لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستبکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیوەنديی و هەماهەنگییەکی باش لەنێوان ئەندامان و بەشدارانی کابینەی نۆیەمدا هەیە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە گشتی.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ "رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە و کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەی کۆچبەران و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و وەک لە راگەیێندراوەکەدا باسی لێوەکراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری کۆنسوڵ و نێردە و دیپلۆماتانی وڵاتانی لە هەرێمی کوردستان داوەتەوە.

