تیرۆریزمی ئێرانی‌و تورکی لە کوردستان

یەک مانگ لەمەوپێش



رەزا مەنوچەهری

تیرۆرکردنی چالاکانی سیاسی و پێشمەرگە و گەریلا لەلایەن ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا وەک پلانێکی ستراتیژیی ئەو دەوڵەتە بۆ لە ناوبردنی نەیارانیان بەردەوامیی هەیە

پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى تورکیاو ئێران به‌رده‌وام بوون له‌ تیرۆرکردنى که‌سایه‌تییه‌ سیاسى و چالاکوانانى کورد له‌ناو هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌دا، له‌م راپۆرته‌ بنکۆڵکارییه‌دا ته‌واوى زانیارییه‌کان خراوه‌ته‌روو.

لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا ئێران زۆرترین تیرۆر و لە ساڵانی دوای ٢٠٠٠ەکانەوە تورکیا زۆرترین تیرۆری لە هەرێم ئەنجامداوە. ئێران و تورکیا بۆ سەرکوتکردنی هێزە کوردییەکان لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان سەرکردەکانی حزبەکان و ئەندامەکانیان و لایەنگرانیان و چالاکوانان دەکەنە ئامانج و بەپێی بارودۆخ لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دا تیرۆریان دەکەن. لەم ساڵانەی دوایدا و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئێران و تورکیا دەستیان بە زنجیرەیەک تیرۆری نوێی نەیارانیان لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دا کردووەتەوە. شێوازەکانی تیرۆری ئەو دوو دەوڵەتە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە هەندێک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لەم ساڵانەی دوایدا بۆ تیرۆرەکانیان سوودیان لە مووشەک و درۆن وەرگرتووە.

تیرۆر و جۆرەکانی و ئامانج لە کاری تیرۆریستی

تیرۆر دەستەواژەیەکی فەرەنسییە و بە مانای تۆقاندن دێت. تیرۆر واتە پلاندانانی نەهێنی بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێکی نەیاری سیاسی، یان کەسێکی خاوەن بیروڕای جیاواز. تیرۆر لە ئێستادا زۆرتر بە مانای تیرۆری سیاسی و کوشتنی کەسە سیاسیی و چالاکوانەکان بەکاردەبرێت، بەڵام تیرۆر بۆ ئامانجی ئابوری و مافیایش ئەنجام دەدرێت. جۆری تیرۆری ئابووری لەم ناوچەیەدا کەمترە، بەڵام تیرۆری سیاسی بۆ ئامانجی سیاسی و سەربازی و سڕینەوەى ئیتنیکی و بیروڕای جیاواز بە چڕی ئەنجام دەدرێت و زۆرینەى هەرە زۆری تیرۆرەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان تیرۆری سیاسین. ئەو تیرۆرانەى لەلایەن دەوڵەتەکان و دام و دەزگای هەواڵگرییەکانی دەوڵەتەکانەوە ئەنجام دەدرێن بە تیرۆری دەوڵەتی پێناسە دەکرێن. تیرۆرەکانی ئێران و تورکیا تیرۆری دەوڵەتین. تیرۆری نادەوڵەتیش بەو تیرۆرە دەوترێت، کە گروپەکان ئەنجامی دەدەن. تیرۆر تەنها شێوەی جەستەیی نییە و بەڵکو تیرۆری سیاسی و تیرۆری بایەلۆژی و تیرۆری کەسایەتیش هەیە و دام و دەزگای دەوڵەتە فاشیست، دیکتاتۆر و داگیرکەرەکانی کوردستان ئەو شێوازانەش لە تیرۆر ئەنجام دەدەن و رۆژانەش لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیان و ڕاگەیاندنە دۆستەکانیانەوە لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد ئەنجامی دەدەن.

تیرۆریزمی ئێرانی

کولتوری کوشتنی بە ئەنقەستی کەسانی نەیاری دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێران مێژوویەکی کۆن و دێرینی هەیە. مێژووی ئێران دەیان نمونەى لە کوشتنی بە ئەنقەستی نەیارانی دەوڵەت و پاشا و رابەڕ تیادایە. لە کولتوری سیاسیی ئێراندا بۆ ئەنجامدانی تیرۆری کەسانی نەیار هەموو رێگایەکی وەک بەڵێن پێدان، دانوستاندن، سوێند بۆ خواردن، لێخۆشبوون، پیلانگێڕی و بانگهێشتکردن... هتد گیراوەتە بەر. بۆ نمونە لە ساڵی ١٦١٠ی زاینیدا شا عەباسی سەفەوی لە شەڕی قەڵای دمدم دا بەڵێنی بە ئەمیرخانی لەپ زێڕین دا ئەگەر خۆی رادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، بەڵام دوای ئەوەى ئەمیرخانی لەپ زێڕین لە قەڵاکە هاتە دەرەوە تەنها لە دوای چەند کاتژمێرێک هەڵیانکوتایە سەر چادرەکەی و خۆی و پیاوەکانیان کوشت. قاجارەکانیش باپیری سمکۆی شکاک-یان بۆ دانوستان و میوانی بانگهێشتی تەورێز کرد لە تەورێز کوشتیان. سمکۆی شکاکیش هەر بە ناوی لێخۆشبوون و رێککەوتن بانگهێشت دەکەنەوە و لە ساڵی ١٩٣١دا لە شنۆ بۆسەیان بۆ دانا و تیرۆریان کرد. لە سەردەمی رژێمی پاشایەتیی ئێرانیش دا رژێم و سوپای ئێران بەڵێنیان بە قازی محەمەد دابوو، کە ژیانی پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەو بەڵێنەش تەنها فێڵێک بوو و قازی محەمەدیان لەسێدارەدا. لە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دا درێژە بەو تاوانکاری و تیرۆر و فێڵکردنانە بەرامبەر بە نەیارەکانی دەوڵەت و ڕابەری رژێمەکەیان دا. کاتێک رژێمی ئێران لە ساڵی ١٩٨٨دا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ عەبدولڕەحمان قاسملو سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە دانوستاندا بوو لەسەر مێزی دانوستان و لەکاتی گفتوگۆدا چەکیان لێ دەرهێنا و قاسملویان تیرۆر کرد.

تیرۆرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوتکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو رێگایەکی سیاسی و سەربازی و ئایینیی گرتووەتە بەر. سەرەتا بە فتوای ئایەتوڵا خومەینی شەڕی کوردستانیان لە ساڵی ١٩٨٠ دەستپێکرد. بەهۆی ئەو فتوایەوە بە فڕۆکە و تانک و تۆپ هێرشیان کردە سەر شارەکان بە تایبەتی سنە و تاوانەکانی وەک قاڕنێ و قەڵاتانیشیان ئەنجامدا و ئەو شەڕە نزیکەى ١٠ ساڵی خایاند. لە دوای ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێران شێوازێکی تری بۆ لەناوبردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات گرتەبەر و دەستی بە تیرۆری سەرکردەکان، فەرماندەکانیان و پێشمەرگە و ئەندامانیان و چالاکوانان کرد. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەبدولڕەحمان برومەند ئێران لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەرتاسەری جیهان ٥٤٠ تیرۆر و ڕفاندنی نەیارانی  ئەنجامداوە. لەو ژمارەیە ٣٩٧ کردەیان تیرۆریستی بوون و ١٤٣ کردەشیان ڕفاندن بووە. لەو ٣٩٧ کارە تیرۆریستییە ٣٢٩ تیرۆریان لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دا ئەنجامدراون و ٦٨ تیرۆری تریشیان لە پاکستان، تورکیا، فەرەنسا... ئەنجامدراون. کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرترین تیرۆری نەیارەکانی، کە زۆربەى هەرە زۆریان کوردبوون و ئەندامانی هێزە کوردییەکان بوون، لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

دەرکردنی موجاهیدینی خەڵق لەعێراق

 لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە تیرۆرەکانی ئێران لە هەرێم کەمیان کرد و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە پێنجوێن دوو نەیاری ئێرانی تیرۆر کران، بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانی عێراق و پرۆسەى ئازادی و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، تیرۆرەکانی ئێران لە هەرێم تاوەکو ساڵی ٢٠١٦ ڕاوەستان. لەو ماوەیەدا ئێران بە بۆردومانکردنی و تیرۆرکردن و هاوەنبارانکردنی بارەگاکانی موجاهیدینی خەڵقەوە خۆی زیاتر سەرقاڵ کردبوو، کە ئەو هێرش و پەلامارانەى ئێران بووە هۆی ئەوەى موجاهیدن کەمپی ئەشرەف و بارەگای سەرەکییان لە دیالە چۆڵ بکە و لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕۆن بۆ بەغدا و لە کامپی لیبەرتی (ئازادی) نیشتەجێ کران، بەڵام هەر بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، موجاهیدنی خەڵق لە عێراقەوە گواسترایەوە بۆ ئەلبانیا.

دەستپێکردنەوەی تیرۆرەکانی ئێران لە هەرێم

ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ بە تیرۆرکردنی کەمال شێخ سادە ناسراو بە کەمالە خڕە و سدیق ساڵئاوایی لە پێنجوێن دەستیکردووە بە کارە تیرۆریستییەکانی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ ئەو تیرۆرانەدا لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆسە و تیرۆری ئەنجام دەدات. لە ٤ی ١٠ی ٢٠١٦ لە ناوچەى ئەزگەڵەى سەلاسی باوەجانی ١٢ گەریلای پەژاکی تیرۆر کرد. هەر لەو ساڵەدا لە شەڕەکانی قەرەسەقەلی شنۆ و کۆساڵانی نێوان شاهۆ و مەریوان ١٩  پێشمەرگەی حدکا تیرۆرکران. لە کۆتایی ٢٠١٦دا لە شەوی یەلدادا ماتۆڕ سکیلێکی بە بارەگای حزبی دیموکرات دا تەقاندەوە  و بەو هۆیەوە ٥ پێشمەرگە و ٢ ئەندامی ئاسایشی هەرێم تیرۆر کران. کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٨دا هاوکات لەگەڵ تیرۆرکردنی ئێقباڵ مورادی لە پێنجوێن، قادر قادری لە بالیسان، سەڵاح عەباس و عەباس سەڵاح لە هەولێر، ئەحمەد ئێرانی لە سۆران تیرۆر کرد و بارەگای ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە کاتی کۆبوونەوەى سەرکردایەتیی ئەو حزبەدا موشەکباران کرد و بەو هۆیەوە ١٧ سەرکردە و بەرپرس و پێشمەرگەی ئەو حزبە تیرۆرکران و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

تیرۆرەکانی ئێران بەوانەوە نەوەستاوە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمەوە مستەفا سەلیمی زیندانیی سیاسیی سزدراو بە حکومی لەسێدارەدان، کە لە دوای ڕاپەڕینی زیندانی سەقز لەو زیندانە هەڵهاتبوو و خۆی گەیاندە هەرێم، لە سنووری پێنجوێن ڕادەستی ئێران کرایەوە و ئێرانیش لە دوای هەفتەیەک لە ١١ی ٤ی ٢٠٢٠دا لەسێدارەی دا. لە ٧ی ئابی ٢٠٢١ لە بۆردومانی شاخی باڵۆسە لە ئاسۆس ٧ گەریلای پەژاک و دوو لایەنگری ئەو حزبە تیرۆرکران. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢١دا دوو ئەندامی ڕاگەیاندنی پەژاک بە ناوەکانی زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا لە شەمی شلێری ناوچەى پێنجوێن تیرۆر کران. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە شاهۆ ٣ گەریلای پەژاک بە ناوەکانی شێرکۆ رۆژهەڵات، سیروان ئالانی و هێژا سنەیی تیرۆر کران. لە دوای ئەوەش بەهرۆز رەحیمی (رێبین) لایەنگری پەژاک لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢١ لە ناوچەى ژاڵەى سلێمانی تیرۆر کرا. لە بەردەوامیی تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی دا موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی حدک لە ٧ی ئابی ٢٠٢١دا لە هوتێل گوڵی سلێمانی لە هەولێر تیرۆر کرا. لە ٣١ی ١٢ی ٢٠٢١یشدا ئەحمەد بێخەم (هەڤاڵ کەژوان) خەڵکی سەردەشت و لایەنگری پەژاک لە هەولێر تیرۆر کرا.

نەریتی تیرۆر لە دەوڵەتی تورکیا

دەوڵەتی تورکیا نەریتێکی دێرینیی تیرۆرکردن و کوشتنی بە ئەنقەستی نەیارەکانی بە رێگای جۆراجۆر لە ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆ ماوەتەوە. لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانیدا دەیان حاڵەتی کوشتنی بە ئەنقەستی نەیارەکانی سوڵتان و کوێرکردنیان و لە قازوخ دانیان هەیە. لە مێژووی عوسمانییەکاندا ژمارەیەکی زۆر میر و ئەمیری ناوچە جیاجیاکان بە ناوی بانگهێشت بۆ لای سوڵتان براونەتە ئیستەنبول و دورخراونەتەوە، زیندانیکراون و بێسەرشوێنکراون... هتد. تورکە لاوەکانیش بە هۆنینەوەی ڕەوایدان بە خەونە فاشیستییەکانیان بە پشتبەستن بە ئەفسانەى گورگی بۆر، ئاسێنا، سێوی سوور و ئەرگەنەکۆن... هتد بناغەیەکی تیرۆریان بۆ دەوڵەتی تیرۆر لە تورکیا داڕشتووە، کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت.

لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک و رێگاخۆشکردن بۆ کاری زیاتری گروپە توندڕەو و میلیشیا و فاشیستەکانی تورک، هەموو شێوازەکانی کوشتنی بە ئەنقەستیان لە دژی ڕاپەڕینەکانی کورد گرتەبەر. لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و ٧٠ هاوڕێی لە ساڵی ١٩٢٥ لە ئامەد. بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری کۆمەڵکوژیی زۆر گەورەی وەک دۆڵی زیلانیان ئەنجامدا، کە ٣٥ هەزار کەسی تیادا کۆمەڵکوژ کرا. لە دوای ئەوەش بە ناوی بانگهێشت بۆ دانوستان لە ساڵی ١٩٣٧ سەید رەزای دێرسیم-یان بانگهێشتکرد بۆ خارپێت و لەوێ لەگەڵ کوڕەکانیدا لە سێدارەیان دا و ٧٠ هەزار هاووڵاتیی دێرسیمییان کۆمەڵکوژ کرد.

کۆماری تورکیا لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠کاندا بە تیرۆرکردنی سەرکردەی شۆڕشەکانی ئەو سەردەمەی گەلی کورد و گەلی تورک و چەپەکان وەک، ئیبراهیم کاپیاک کایا، دەنیز گەزمیش، ماهیر چایان، حوسەین ئینان و سەعید قرمزی توپراک (د. شڤان) و حەقی قەرار... هتد شەپۆلێکی ترس و تۆقاندنی بە تورکیادا بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو تیرۆرکارییانە نەیتانتوانی کۆمەڵگە بە تەواوی سەرکوت بکات و لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠دا سێیەم کودەتای سەربازیی کۆماری تورکیایان ئەنجامدا و تیرۆریان زیاتر بە دامەزراوەیی کرد.

ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن لەباکووری کوردستان

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ لە باکووری کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەستیکرد بە خاپورکردنی گوندەکانی باکووری کوردستان و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی لایەنگرانی پەکەکە. دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی ١٩٩٠دا نزیکەى ٥ هەزار گوندی باکووری کوردستانی خاپور کرد و ١٨ هەزار و ٥٠٠ کوردی باکووری کوردستانی لە هەموو چین و توێژەکان ڕفاند و بێسەروشوێنی کردن، کە دواتر لە دۆسیەى تیرۆری مادیماک، سوسورلوک، ژیتەم و ئەرگەنەکۆن دا بەشێکی باش لە وردەکارییەکانی تیرۆری دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلی کورد ئاشکرا بوو.

 لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٠ی ئەیلولی ١٩٩٢دا موسا عەنتەر تیرۆر کرا. پلانی تیرۆرکردنی نزیکەى ٧٠ سەرمایەداری کوردیش ئاشکرا بوو. یەکێک لەو سەرمایەدارانە، کە لەو کاتەدا تیرۆر کرا ساواش بوڵدان هاوسەری پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی ئێستای هەدەپەیە. ساواش بوڵدان لە ٣ی حوزەیرانی ١٩٩٤دا لە بەردەم ئوتێلەکەى خۆیدا بە ناوی ئۆتێل چنار لە یەشیل یورتی ئیستەنبول ڕفێنرا دوای دوو رۆژ تەرمەکەى لە رێگای گوندی یوکاریکاراش لە پاریزگای بۆلو دۆزرایەوە.

گۆڕی بە کۆمەڵ و تیرۆری تورگوت ئۆزال و تیمەکەى

 تەرمی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئازادیخوازی باکووری کوردستان، کە شێواندنی زۆر و ئەشکەنجەی قورسیان پێوەدیار بوو دۆزرانەوە. ژمارەیەکی زۆر ئێسک و پروسک لە ژێر خاک و لە ناو بیری بەشێک لە بنکە سەربازییەکانی تورکیادا دۆزراونەتەوە. بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی تورکیا زیاتر لە ٦٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵ لە باکووری کوردستان دا هەیە، کە دەوترێت گۆڕی کوردە ئازادیخوازە رفێندراوەکانە. لەو چوارچێوەیەدا دۆسیەى دۆڵی قەسابەکان و چاڵی تێزاب بۆ کوشتن و ئەشکەنجەدان لە دۆسیە دیار و گرنگەکانی ئەو تیرۆر و تاوانکارییانەیە، کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامیداون، سەرباری بەڵگەی زۆر لەسەر سەلماندنی تیرۆری دەوڵەت لە تورکیا، هیچ کارێکی بەرچاو بۆ رێگریکردن لە تیرۆری دەوڵەت بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد نەکراوە.

کاتێک تورگوت ئۆزال هەوڵیدا کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد لە باکووری کوردستان بکات خۆی و ئەندامانی تیمەکەى هەر یەکە لە ڕووداوێکی جیاوازدا بە شێوەی گوماناوی کوژران، کە لەم ساڵانەی دوایدا بەپێی هەندێک بەڵگە و توێکاری و بە وتەى ئەحمەد ئۆزالی کوڕی ئۆزال، باوکی ژەهرخوارد کراوە.

تیرۆرکردنی دۆستی گەورەی کورد تئۆفیلۆس جۆرجادیس لە قوبرس

دەوڵەتی تورکیا هاوکات لەگەڵ تیرۆر لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان، زنجیرەیەک تیرۆری لە دەرەوەی تورکیا ئەنجامدا، کە دیارترینیان تیرۆرکردنی تئۆفیلۆس جۆرجادیس دۆستی گەورەی کورد لە قوبرس بوو لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩٤ و یەک رۆژ پێش ئاهەنگی گەورەی نەورۆزی قوبرس و یونان، کە خۆی ئەندامی ئامادەکاری ئاهەنگەکە بوو. تئۆفیلۆس جۆرجادیس دامەزرێنەی کۆمیتەى پیشتیوانی لە کورد بوو و رۆژنامەیەکی بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە ناوی «دەنگی کوردستان» بلاودەکردەوە، کە لەو کاتەدا زیاتر لە ٧٠ هەزار دانەى لێدەفرۆشا. ئەوەش تورکیای زۆر نیگەران کردبوو، بۆیە دەزگای هەواڵگریی تورکیا و گروپە نەژادپەرەستەکانی تورک بە راسپاردنی گروپێکی مافیایی تئۆفیلۆس جۆرجادیس-یان تیرۆر کرد. لە دوای ماوەیەک هەموو ئەندامانی بەشدار بوو لەو تیرۆرەدا هەر یەکە و لە شوێنێکدا لە یونان و قوبرس کوژرانەوە.

دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣ و هاوکات لەگەڵ دانوستان لەگەڵ ئۆجالان و پەکەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد بە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس ئەوەی سەلماندەوە، کە دەستبەرداری تیرۆری دەوڵەت نابێت.

هاوپەیمانیی ئاکەپە و لایەنە توندڕەوەکانی دژ بە کورد لە تورکیا

لەم ساڵانەى دوایدا بە تایبەتی لە دوای ئەوەى دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە پرۆسەى ئاشتی هێنا و داواکانی کوردی بۆ چارەسەری ئاشتییانەى کێشەى کورد قبوڵ نەکرد، لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥دا شەڕی لە دژی پەکەکە دەستپێکردەوە. ئاکەپە بۆ لە ناوبردنی پەکەکە هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبی توندڕەو و نەژادپەرەستی مەهەپە و دەوڵەتی باخچەلی کرد. پۆستی وەزارەتی بە کەسانی توندڕەوی دژ بە کوردی وەک سولەیمان سۆیلو و خلوسی ئاکار دا. هاوکات گروپە توندڕەوەکان و سەرکردەکانی شەڕی ساڵانی ١٩٩٠ی باکووری کوردستان لە دژی پەکەکە یەک بە یەک لەلایەن ئەردۆغانەوە بانگهێشتکران و توانا و ئەزمون و پێشنیازی نوێیان بۆ تیرۆر و لە ناوبردنی پەکەکە خستە بەردەم ئاکەپە و ئەردۆغان. لە ناو ئەو کەسانەدا دیارترینەکانیان بریتی بوون لە محەمەد ئاغار و تانسو چیلەر، کە تێوەگلاون لە کارە تاوانکارییەکانی سوسورلوک، گروپی یەشیل و خەنجەر و ژیتەم و... هتد.

ئاکەپە ئێستا بووەتە چەتر و قەڵای هەموو هێزە توندڕەو و تاوانکارەکانی دژ بە کورد و هەموویان پێکەوە کار بۆ لە ناوبردنی پەکەکە دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا ئاکەپە بە پلان و ڕاوێژی تیمە کۆنە تاوانکارییەکان و بە خستنەکاری گروپی میلیشایی وەک ئەسەدوڵا و سادات، کە هەر یەکەیان چەند هەزار میلیشیای توندڕەویان هەیە شانبەشانی پۆلیس و هێزی ئەمنی و سوپا هێرشیان کردە سەر شارەکانی باکووری کوردستان و هەموو جۆرە چەکێکی بەردەستی سوپای تورکیایان لە دژی گەنجانی بەرەنگار لە شارەکاندا بەکارهێنا.

ئاکەپە جیاواز لە رژێمەکانی پێشتری تورکیا ئایین و مزگەوت و مەلاکانیشی خستووەتە کار لە دژی گەلی کورد و لە رێگەى ئەوانەوە ڕەوایی بە تاوان و تیرۆرەکانی دەوڵەت و گروپە توندڕەوە نەژادپەرەستەکانی تورک دەدات. تاوانی سوتاندن و کۆمەڵکوژکردنی نزیکەى ٢٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی و ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی جزیر لە ژێرزەمینەکانی جزیردا و ئاوارەکردنی ٥٠٠ هەزار کەس و خاپورکردنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانوو و دوکان و چەندین شوێنی مێژوویی و تیرۆرکردنی تاهیر ئەڵچی سەرۆکی کۆمەڵەى پارێزەرانی ئامەد و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی سەربازی و ئەمنی و دەرکردنی ١٦هەزار و ٥٠٠ مامۆستا لەسەر کارەکانیان بە تەنها لە ئامەد و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و دانانی قەیوم لە شوێنیان و زیندانیکردنی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆک شارەوانییەکان، داخستنی کەناڵ و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ناوەندە مەدەنی و هونەری و رێکخراوەکان و گۆڕینی تابلۆ کوردییەکان و داخستنی ئەنیستیتۆی کوردی لە ئیستەنبول و ئامەد... هتد لە دیارترین شێوازی ئەو سیاسەتە نوێیەى هاوپەیمانیی ئاکەپەو گروپە توندڕەو و نەژادپەرەستەکانی تورکیایە لە دژی گەلی کورد.  

تیرۆرەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

بەو پێیە تیرۆر بریتییە لە دانانی پلان بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێک لە پێناو دروستکردنی ترس و تۆقاندن بۆ سڕینەوەى نەیارێکی سیاسی، هەموو هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان بۆ لەناوبردنی پەکەکە و جوڵانەوەى ئازادیخوازی کورد لە باکووری کوردستان، دەچێتە خانەى تیرۆری دەوڵەتییەوە. دەوڵەتی تورکیا هەم لە رێگەی دەزگای هەواڵگری و هەم لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییەوە دەستیکردووە بە تیرۆرکردنی سەرکردەکان و ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە لە سەرتاسەری باشووری کوردستان لە شاخەکان و شارەکان و رێگاکان و لە ناو ئۆتۆمبێل دا دەیانکاتە ئامانج و تیرۆریان دەکات.

تورکیا بە کارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی وەک درۆن و بەکارهێنانی کەسانی هەواڵدەر لەسەر زەوی شوێنەکانی پەکەکە و جموجوڵی ئەندامان و لایەنگرانیان چاودێری دەکەن و لە کاتی گونجاندا دەیانکەنە ئامانج و تیرۆریان دەکەن. تورکیا لەو چوارچێوەیەدا لە شەنگالەوە و بە درێژایی سنووری بادینان و هەولێر و مەخمور و ناوچەکانی شارباژیر و پێنجوێن و سلێمانی و کەرکوک چەندین کردەی تیرۆریستیی ئەنجامداوە. تیررکردنی زەکی شەنگالی و زەردەشت شەنگالی و ٥ فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێزدییەکان لە شەنگاڵ، بۆردومانکردنی کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و تیرۆرکردنی زیاتر لە ١٥ کەسی مەدەنیی ئەو کەمپە بەهۆی بۆردومانەکانەوە، تیرۆرکردنی دیار غەریب ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە، سینانە  سور(عەلی ئاکتاش)، سەرحەد ئەمانۆس – ڤارتۆ (ئەمروڵا دورسون) ئەندامانی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە و وتەبێژی پێشوی پەكەكە، قاسم ئەنگین، دەمهات عەگید، جەمیل ئامەد، شوکری سەرحەد و محەمەد زەکی چەلەبی بەشێکن لە کارە تیرۆرکارییەکانى دەوڵەتى تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان جگە لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە شەڕەکانیدا هاووڵاتییانی مەدەنیی باشووری کوردستانیش لە شوێنی کارەکانیان و لە گوندەکانیان و لەسەر زەوییە کوشتوکاڵییەکانیان و تەنانەت لە سەیرانگاکاندا دەکاتە ئامانج و تیرۆریان دەکات. ئەو جۆرە لە تیرۆر بە تیرۆری کوێر پێناسە دەکرێت، چونکە هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان هاووڵاتییانی مەدەنی و کەسانی چەکدار دا. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تائێستا زیاتر لە ١٣٠ هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی باشووری لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە  تیرۆر کراون. لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە تا ئێستاش ئەو تیرۆرکارییەی دەوڵەتی تورک بەردەوامیی هەیە و بۆ نمونە تەنها لە ناوچەی لۆلان لە ساڵی ١٩٩٢ەو تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٤٣ ژن، منداڵ، هاووڵاتى و کەسى بە تەمەن شەهیدبوون. لە کۆمەڵکوژیی کورتەکیشدا لە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجار ٧ ئەندامی یەک خێزانی لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تیرۆرکرد. لە چوارچێوەی ئەو تێرۆرە کوێرەدا لە ساڵی ٢٠١١ کۆمەڵکوژییەکی گەورەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە رۆبۆسکی ئەنجامدا، کە ٣٣ گەنجی و مێرد منداڵی کوردی تیادا کۆمەڵکوژکران. لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە بۆردومانکردنی شوێنە گەشتیارییەکانی وەک کونە ماسی و شوێنە گەشتیارییەکانی شیلادزێ و بادینان و نزیکەى ١٠٠ گوند بەشێکی ترن لە تیرۆری دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار