دۆسیەی نەوتی هەرێم چووە قۆناغێكی مەترسیدارەوە

 وەزیری نەوتی عێراق: سورین لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بەنەوتی هەرێم

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هەموو ئامرازێكی یاسایی‌و شەرعی كە حكومەتی ناوەندی بەدەستیەوەبێت بەكاریدەهێنین".

ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "ئێمە لەبەغدا سورین لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بەنەوتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە هەموو ئامرازێكی یاسایی‌و شەرعی كە حكومەتی ناوەندی بەدەستیەوەبێت دژی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنین".

دادگای فیدراڵی عێراق لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا بڕیاریدا بەنادەستوریبونی یاسای نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی 11ی نیسانی 2022 وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە ئەوە خرایە روو كەبەغدا داوای كردووە كۆمپانیا نەوتییەكان پێداچونەوە بە گرێبەستەكانیاندا بكرێت  كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت و سەرجەم فرۆشی نەوت پارەكەی لە بانكێك دابنرێت بە چاودێری وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی رەتكردووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو مەرجی بۆ بەشداری كردن لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا هەیە كە یەكێكیان تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە تا ئەو كاتەی لێكتێگەشتن و رێككەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت دەكرێت بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ نەكرێت.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەكە ڕایگەیاند، "ئامانجی كۆبوونەوەكە ئەوەیە پێداچوونەوە بۆ سەرجەم گرێبەست‌و ڕێككەوتنە نەوتییەكانی هەرێم بكرێت، بەئامانجی چاكتركردنیان".

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشدا، یەكێك لەبنەماكان ئەوەیە دەبێت هەرێمی كوردستان سەرجەم گرێبەست‌و ڕێككەوتنەكانی بەوەزارەتی نەوت بدات، ئامانجیش لەمە پێداچوونەوەو چاككردنیەتی.

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، تەواوی ڕێكارەكانیان گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی كە لە 15ی شوباتی ڕابردوو لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان دراوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار