نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان: ئەو یەختەی 10ی ئاب ژێرئاو كەوت بەشێك لەسەرنشینەكانی كوردن

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

ساڵانێكی زۆرە سەرهەڵگرتن لە نیشتمان و راكردن لەم دۆخە نالەبارەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بووەتە دیاردە، دیارترین و كاریگەرترین هۆكار رەوكردنە لە دەست ئەو نادادیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیانكردووە، بەپێی ئامارێك لە ماوەی 8 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 670 هەزار كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە، كە زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات زیاتر لە 300 هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوەو 225 كەسی تریش بێسەروشوێن بوون.

رۆژی 10 -8-2022 هەواڵی ژێرئاوكەوتنی یەختێكی دیكە لەدەریای ئیجە جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان راچەڵەكان، كە زیاتر لە 80 كەسی تێدابووە و بەنیازبوون بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، بەڵام تائێستا بەوتەی دەزگای لوتكە تەرمی 29 یان دۆزراوەتەوە و بەشێك لەبێسەروشوێنەكانیش كوردن.

حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان بە هاوڵاتی وت:» لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەیۆنان قسەمان كردووە، دواین زانیاری ئەوەیە كە بەشێك لەسەرنشینەكان كوردن، ئەو كەسانەی ڕزگاربوون دەڵێن نزیكەی 80 سەرنشینی تێدابووە یەختەكە، بەڵام تائێستا توانراوە تەنها 29 كەسیان ڕزگار بكرێن».

نوێنەری دەزگای لوتكە لە یۆنان وتیشی:» 51 كەسیان بێسەرو شوێنن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو 51 كەسە ژمارەیەكیان كوردن».

دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی 10ی ئەم مانگە هەواڵی ژێرئاوكەوتنی بڵاوبوەوە بەشێك لەسەرنشینەكانی كوردن، بەڵام نازانرێت چەند كەس بوون، لەسۆراخی ئەوەداین ناسنامەیان ئاشكرابكەین و دواتر بڵاویبكەینەوە تا كەسوكاریان بتوانن تەرمەكانیان وەربگرنەوە».

دەشتی جەمال، دەڵێت: تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن، و وتیشی: «ساڵی رابردوو لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا 32 هاوڵاتی هەرێم گیانیان لەدەستداوە».

هەر سەبارەت بەڕووداوی ژێرئاوكەوتنی یەختەكەی یۆنان بەكر عەلی سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا بەهاوڵاتی وت:» ئەو یەختەی لەچەند رۆژی رابردوود ژێر ئاو كەوت سێ بەشی سەرنشینانی كوردن، دەشڵێت زۆربەی ئەوانەی ڕزگاریان بووە خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن، و 64 كەس بێسەروشوێنن».

سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا دەڵێت: «یەختەكە تێكشكاوە، هۆكارەكەشی بۆ شەپۆلی دەریاو هۆكاری سەرەكیشی خراپی یەختەكە بووە، لەباشووری دورگەی ڕۆدوس توشی ئەو ڕوداوە بوەو 93 سەرنشینی تێدابوە كە پێكهاتون لە(كورد، ئەفغانیو ئێرانی)».

 بەوتەی بەكری عەلی «دوو كەس لەسەرنشینانی یەختەكە براونەتە دورگەیەك بەناوی (كارپاسۆس) بەگومانی ئەوەی ئەوانە قاچاخچینو هەوڵیانداوە سەرنشینانی یەختەكە بگەیەننە ئیتاڵیا».

 سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان ئاماژەی بەوەشدا: «یەختەكە لەدورگەیەكی توركیا سەرنشینەكانی هەڵگرتووەو ئەوانەی ڕزگاركراون سەرجەمیان پیاونو كوردانی ناو یەختەكەش سەرجەمیان خەڵكی هەرێمی كوردستاننو بەشێكیشیان خەڵكی دەڤەری ڕاپەڕینن».

سەبارەت بەدۆخی پەنابەران لەیۆنان حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتكە لەو وڵاتە ئەوەی ئاشكراكرد: «دۆخی كەمپەكانی یۆنان زۆر باش نییە، تەنها ئەوەیە كەسێك وەك پەنابەر خۆی بناسێنێت و داوای مانەوە بكات شوێنی پێدەدەن، ئەویش كاتێك بگاتە ناو شارەكان، ئەگەرنا سنورەكانی یۆنان لەڕووی وشكانییەوە بە دیوار و كامێرا كۆنترۆڵكراوە و لەدەریاشدا بەهێزی دەریایی چاودێری دەكرێت».

لەبارەی بەهۆكاری زیاتربوونی ڕووداوەكانی خنكان نوێنەری دەزگای لوتكە لەیۆنان دەڵێت:»هۆكار ئەوەیە رێگا وشكانیەكان زیاتر كۆنترۆڵكراون و كۆچبەران رێگای ئاوی بەكاردەهێنن، ئەو یەختانەش زیاتر لەتوانای خۆی خەڵكی تێدەكرێت و زۆركات لەنیوەی ڕێگا بزوێنەرەكەی لەكاردەكەوێت بەوهۆیەوە زۆرجار  ئەگەر هێزی دەریاوانی فریای سەرنشینەكانی نەكەوێت ڕووداوی ناخۆش ڕوودەدات».

بەپێی  ئاماری دەزگای لوتكە كە دەست هاوڵاتی كەوتووە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 672 هەزار و 119 كەس  كەس لە عێراقەوە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

بەپێی ئامارەكە لەساڵی 2015 كە بەشێك وەك ساڵی لێشاوی كۆچكرن ناویدەبەن بەهۆی كردنەوەی رێگای نێوان توركیا بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، دەردەكەوێت زۆرترین هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە و داوای پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە، ژمارەی ئەوانەی لەو ساڵەدا كۆچیان كردووە 186 هەزار و 422 كەس بووە، لەو ژمارەیەش 25 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و حەوت كەسیش بێسەروشوێن بوون.

لەساڵی 2016 دا 160 هەزار و 717 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا رۆشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە 78 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 54 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەساڵی 2017 شدا 92 هەزار و 691 كەس لەعێراقەوە كۆچیان كردووە و 29 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 67 یش بێسەروشوێنن.

لەساڵی 2018 دا 69 هەزار و 203 كەس لەعێراقەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچیان كردووە و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیە لەڕێگادا 54 كەس گیانیان لەدەستداوە، 25 كەسیش بێسەروشوێن بوون، بەڵام لەساڵی 2019دا ئامارەكە كەمتربوەتەوە بۆ 53 هەزار و 240 كەس، لەو ژمارەیە 47 كەس گیانیان لەدەستداوە، 10 كەسیش بێسەروشوێن بوون.

لەساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و توندبوونەوەی سنوورەكان ژماریەكی كەتر كۆچیان كردووە، لەو ساڵەدا 34 هەزار هاوڵاتی عێراقی توانیویانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێگای نایاسایی و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، لەو ژمارەیەش 18 كەسیان لەڕێگادا گیانیانلەدەستداوە و 17 كەسیش بێسەروشوێنن، لەساڵی 2021 لەگەڵ كەمێك ئاسایی بوونەوەی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دیسان ئاماری كۆچكردن لەعێراق بەرزبووەتەوە، لەو ساڵەدا 55 هەزار كە لە عێراقەوە كۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كردووە و داوای پەنابەرییان كردووە، 46 كەسیان لەو ڕێگایە گیانیان لەدەستداوە، 40 كەسیش بێسەروشوێن بوون.

دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق دەڵێت:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ئەو پەنابەرانەی لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لە  ١٠٠ هەزارو ٩٧٤ پەنابەر، بەڵام لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو  ٤/٨/٢٠٢٢ ڕیژەكە گەیشتە ١٦٣٩٧١ پەنابەر واتا لەماوەی تەنها دوومانگدا  ٦٢  هەزارو ٩٩٧ پەنابەر دەستگیركراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرە عیراقیانەی بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەسنورە وشكانی و ئاوییەكانی توركیا دەستگیركراون بریتین لەیەك هەزارو ٧٣٧ پەنابەر بەڵام دوای دوومانگ ڕێژەكە بەرزبوویەوە و  لە ٣/٦/٢٠٢٢ تا ٤/٨/٢٠٢٢ گەیشتە  سێ هەزار پەنابەر، واتا یەك هەزارو ٢٦٣ پەنابەر زیادی كردووە».

وتیشی:»لە ١/١/٢٠٢٢ تاوەكو ٢/٦/٢٠٢٢ ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گیانیان لەدەستداوە لەسنورە ووشكانی و ئاوییەكانی توركیا بریتین لە  ٢٠٠  پەنابەر وە لە ٣/٦/٢٠٢٢ تاوەكو  ٤/٨/٢٠٢٢ بەرزبوویەوە بۆ ٢٥٤  پەنابەر، واتا لەماوەی دوومانگدا  ٥٤  پەنابەر گیانیانلەدەستداوە.

لە 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختێكی كۆچبەران نوقوومبوو كە نیوەیان خەڵكی هەرێمی كوردستان و پاش مانگێك تەرمەكان دۆزرایەوە و گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا تەرمی هەشت كەسیان نەدۆزراوەتەوە، واتە لەو ڕووداوەدا كە زیاتر لە 30 كەس لەیەختەكەدا بوون 15 یان كوردبوون.

جێگر محەمەد كە یەكێك بوو لەو كەسانەی لەڕووداوەكەی 21/12/2021 لەنۆكەندی ئینگلیز یەختەكەیان ژێرئاوكەوت و هاوسەرەكەشی لەگەڵدابوو ئەوان خەڵكی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون، باوكی جێگر بەهاوڵاتی وت:»كوڕ و بوكەكەم لەو ڕووداوەدا بێسەروشوێن بوون، دەمەوێت بەمردوویی بێت یاخود زیندوویی بۆمان بگەڕێننەوە».

كۆی گشتی ئەو عێراقیانەی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون و داوای مافی پەنابەرییان كردووە، 672 هەزار و 119 كەسە، 316 كەسیان گیانیان لەدەستداوە، 225 كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەو ژمارەیەش بەوتەی سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق 170 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، هاوكات لەكۆی 46 هاوڵاتی عێراقی كە ساڵی رابردوو لەڕێگای گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە 32 یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن ئەمەش دەریدەخات زۆرترین هاوڵاتی هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن و رێگای نایاسایی بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بەكاردەهێنن و بەوهۆیەشەوە زۆرترین هاوڵاتی هەرێم گیان لەدەست دەدەن یاخود بێسەروشوێن دەبن.

هەرچەندە ساڵی 2021 كاتێك لێشاوی كۆچی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو بیلاروسیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا دەستیپێكرد، پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی ناردە پۆڵەندا تا لەنزیكەوە لەدۆخی كۆچبەرانی كورد ئاگاداربێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لیژنەكە چوونە ئەو وڵاتە و راپۆرتیان ئامادەكرد تا پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە كۆبونەوەی لەسەر بكات، بەڵام كۆبوونەوەكە هەر نەكرا.

رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنی پەیوەندییەكانو رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی وت:»لەماوەی رابردوودا راپۆڕتێكی وردمان لەسەر كۆچی گەنجان ئامادەكردووەو تێیدا هۆكارو چارەسەرەكانی ئەو دیاردەیەمان دەستنیشانكردووەو داوامانكردووە یەكێك لە كۆبونەوەكانی داهاتوی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە كۆچی گەنجان.»

خراپی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و نەبوونی دەرفەتی كار و نادادی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و بێئومێدی و نەبوونی ئاسۆیەك بۆ ژیانێكی باشتر، هۆكاری سەرەكی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمانە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار