دادگای هەولێر ئازادکردنی بەشێک لە دەزگیرکراوانی شیلادزێ ڕەتدەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی ئازادکردنی مەرجدار، بۆ بەشێک لە دەستگیرکراوانى شیلادزێ.

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانى بادینان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ داواکاری گشتی ڕایگەیاند، هەریەکە لە گۆڤان تاریق، ئەمجەد یوسف، نێچیرڤان بەدیع، مەحمود ناجی و یوسف شەریف، ئازدکردنی مەرجدار نایانگرێتەوە و لە هەمانکاتیشدا سەرۆکی داواکاری گشتی ئەم بڕیارەى بۆ سەرۆکی چاکسازی گەوران ناردووە، کە ئەو دەستگیرکراوانە تاوەکو سزاکەیان تەواو نەبێت ئازاد نەکرێن.

بەشدار حەسەن ڕاشیگەیاند، لەگەڵ پارێزەران لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بڕیاری دادگا لە بارەی ئازاد نەکردنی ئەو دەستگیرکراوانە بەشێوەى مەرجدار تەمیز بکرێتەوە، چونکە ئەو بڕیارەى دادگا و داوکاری گشتى پشتیان پێی بەستووە، دوور و نزیک پەیوەندی بە ئازادکردنی مەرجدارەوە نیە.

ئەو پارێزەرە وتیشى، بەپێى یاسای ژمارە١ى ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان، ئەم بڕیارەی دادگا پشتی پێ بەستووە یاسای تیرۆرە، کە ئەمەش سەرپێچکردنى یاساییە، هەربۆیە پێویستە دادگا لەڕێگەى تەمیزکردنەوەوە ئەم بڕیارە ڕاست بکاتەوە و دەستگیرکراوانیش بەشێوەى مەرجدار ئازاد بکرێن.

 

بەشدار حەسەن ئاماژەى بەوەشکرد، هەریەک لە شێروان شێرونی، هاریوان عیسا، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و ئەیاس ئەکرم داواکارییان پێشکەشی چاکسازی گەوران کردووە، تاوەکو لە چاکسازی هەولێرە و بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، چونکە دەتوانن بە مەرج ئازاد بکرێن، هەروەها بەهۆی مانگرتنەوە باردودۆخی تەندروستی  بەشێک لە و زیندانیانە باش نییە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار