ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پەکەکە: هێرەکانی پەکەکە هەرگیز هێرشیان نەکردۆتە سەرهێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژەی دا بە بەیاننامەکەی ئەمدواییەی هێزی پێشمەرگەی هەرێم کە باسی لە ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستیی پەکەکە کردووە و وڵامی بەیاننامەکەی دایەوە.
کاوە شێخ موس ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پەکەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "بغداد الیوم"، ڕایدەگەیەنێت کە پارتی کرێکاران هەرگیز دەستی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و بنکەی هێزە کوردستانییەکانی دیکەدا نەبووە.
ناوبراو وتیشی: ئەم تۆمەتانەی هێزەکانی پێشمەرگە لە دژی پەکەکە ڕاست نین، چونکە هێزەکانی پارتی کرێکاران تەنها لە قووڵایی خاکی تورکیادا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.
شایانی باسە کە سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە چەند ڕۆژ پێش ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستانی بە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە تۆمەتبار کرد و داوای لە هێزەکانی ئەو حیزبە کرد کە خاکی عێراق بەجێ بهێڵن.

