له‌ ئاگری باکوری کوردستان پێنج خوشکە جمکەکە چوونه‌ قوتابخانە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی، لە شاری ئاگری باکوری کوردستان پێنج خوشک کە بە یەک سک لەدایکبوون، دوای ئەوەی تەمەنیان گەیشتە شەش ساڵ، بەیەکەوە چوونە بەر خوێندن.

ئاژانسه‌که‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو خەدیجە و فاتیح چیفتچی، دایک و باوکی ئەو پێنج خوشکەن لە قوتابخانەیەکی ئاگری هەر پێنج خوشکەکەیان بەیەکەوە ناونووس کردووە کە ناویان، تەنزیلە، رابیعە، حەوا، بەرفین و هیرانوورە.

پێنج خوشکە جمکەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خۆیان بۆ چوونە قوتابخانە، ئامادە کرد و لەگەڵ دایک و باوکیان چوونە قوتابخانە.

لە باخچەی قوتابخانەدا، پێنج خوشکەکە لەگەڵ قوتابییەکانی دیکە یەکتریان ناسی و پێکەوە دەستیان بە یاری کرد، دواتریش هەموویان چوونە ناو پۆلەکانیان.

بەڕێوبەری پەروەردەی پارێزگای ئاگری، حەسەن کۆکرەک سەردانی قوتابخانەکەیانی کرد لە لێدوانێکیشیدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ لە پارێزگای ئاگری، ٢٥ هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، گوتیشی: "بۆ ماوەی هەفتەیەک قۆناغی راهێنانی قوتابییەکان بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەخێوکەری قوتابییەکان سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و بەشەکانی ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان دەبینن. دەستکردن بە فێرکردنی ئەم پێنج خوشکە، ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد. لە نزیکەوە بە خۆیان و خێزانەکەیان، ئاشنا بووین".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار