وردەکاریی نوێ لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابووردوی خەلیفانەوە ئاشکرادەکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆژنیوز شەوی ڕابووردوو لەناوچەی خەلیفان ٢ گەریلا شەهید بوون و ٣ گەریلاش بەبرینداری کەوتونەتە دەستی چەکدارانی پارتی، کەناڵی ڕووداویش لەزاری فەرماندەیەکی پارتییەوە بڵاویکردۆتەوە یەکێک لە گەریلاکان پارچە پارچە ببوو، کەڵکی ئەوەی نەبوو وێنەشی بگرن، یەکێکیشیان بە تەواوی سووتابوو. دوو گەریلاش یەکێکیان بە سەختی و ئەوەی دیکەیان بە سووکی بریندار ببوو.
ئاژانسى (ڕۆژ نیوز) بڵاویکردۆتەوە" لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییە هاوبەشەکەی سوپای تورکیاو و چەکدارانی پارتییەوە لە خەلیفان، کە دژی گروپێکی پێنج کەسیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئەنجامدرا، دوو گەریلا شەهیدبوون و سێ گەریلاش بە برینداریی لەلایەن پەدەکەوە بەدیل گیراون".
ئەو ئاژانسە بڵاویکردۆتەوە" ئەمشەو لە نێوان کاتژمێر ٠٧:٣٠ بۆ ٠٨:٠٠ی شەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی گروپێک گەریلای کردووە لە سنووری شارەدێی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، لەکاتێدا ویستوویانە لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی دیکەی هەرێمەکانی گەریلا".
دەشڵێت "چەکدارانی پارتی لە ناوچەکە زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی ئەو گروپە گەریلایەوە داوەتە سوپای تورک و ئەوانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان کردوون، تائێستا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو گەریلا شەهیدبوون و سێ گەریلاش بە برینداریی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەدەکە".
(ڕۆژ نیوز) دەڵێت" ئەو سێ گەریلایە لە هێرشە ئاسمانییەکە ڕزگاریان بووە و دواتر لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە گەمارۆدراون و هەوڵیانداوە بەدیل بیانگرن، بەڵام گەریلاکان ڕووبەڕووی چەکدارانی پارتی بوونەتەوە و لە ئەنجامدا بە برینداریی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەدەکە".
تاوەکو ئێستا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاونەکردۆتەوە.
لەلایەن خۆیەوە کەناڵی( ڕووداو) لەزاری فەرماندەیەکی پارتییەوە بڵاویکردۆتەوە هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەچنە شوێنی رووداوەکە و بۆیان دەردەکەوێت هێرشەکە کراوەتە سەر ژمارەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کە پیادە بوونە و ئۆتۆمبێلیان پێ نەبووە، بەڵکو بە پیادە لە سنووری راپەڕینەوە بەرەو دۆڵی بالیسان هاتوون، کاتێک گەیشتوونەتە نێوان گوندی تاراوە و خەتێ، کراونەتە ئامانج.
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە یەکێک لە گەریلاکان پارچە پارچە ببوو، کەڵکی ئەوەی نەبوو وێنەشی بگرن، یەکێکیشیان بە تەواوی سووتابوو. دوو گەریلاش یەکێکیان بە سەختی و ئەوەی دیکەیان بە سووکی بریندار ببوو.
سەبارەت بە دەنگی ئەو تەقانەی لەدوای بۆردوومانەکە بیستراوە، رووداو دەڵێت: کاتێک هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان و ئەو پێشمەرگانەی لە فەرماندەیی کارۆخەوە چوونەتە ناوچەکە بۆ کێوماڵی ناوچەکە، جارێکی دیکە فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە، بۆیە ناوچەکەیان چۆڵکردووە، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکە نامێنێت دیسان هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە چوونەتەوە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە چەند گەریلایەک ماون. هێزەکانیش کاتێک بەدەم یەکێک لە بریندارەکانەوە دەچن، دەنگی تەقەیەک دەبیسترێت، ئەو هێزانەش تەقەی هەوایی دەکەن، بەڵام دەرکەوتووە تەقەکە لەلایەن یەکێک لە بریندارەکانەوە کراوە، یەک گوللـەی هەوایی تەقاندووە بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچن. هێزەکەش چوون بریندارەکانیان بە ئەمبوڵانس گواستووەتەوە.

