مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبونەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایانى وانەبێژ بۆ جاری ١٦یەم لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان گردبوونەوە و داوایان کرد، حکومەت بە فەرمیى دایانبمەزرێنێت.
کارزان فیزک، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: چەندین ساڵە دامەزراندن لە هەرێم وەستاوە و پێشتریش وەزارەتی پەروردە هانای بۆ ئێمە هێناوە بە مەبەستى پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى لەناوەندەکانى خوێندندا هەبووە.
وتیشی: لە ساڵى ٢٠١٧ـەوە زیاتر لە ١٨هەزار مامۆستای وانەبێژ زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ گەشتووەتە ٣٠ هەزار و ٤٦٥ مامۆستا، بۆیە ئەمە واتای ئەوەیە شتێک نەماوە بە ناوەی وەزارەتی پەروەردە.
کارزان فیزک ئاماژەى بەوەشکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکار و بیانووی جیاواز بەتایبەتیی قەیرانى دارایی، دامەزراندنی ئێمەی ڕاگرتووە، بەڵام ئێستادا باشترین کاتە بۆ دامەزرادنی مامۆستایانی وانەبێژ، بۆیە هەموو بیانویەک لەوبارەوە ڕەتدەکەینەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی:”لەبری ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێندرێن، چەند مامۆستایکی وانەبێژ دوورخراونەتەوە، واتا حکومەت بیری لە دامەزاردنى ئێمە نەکردووەتەوە، لەکاتێکدا دامەزراندن مافێکی سەرەتایی خۆمانە، بۆیە دەبێت تازووە بەبێ جیاوازیی مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنن”.

