ئەنجومەنی سەربازی (گرێسپی): سوپای تورکیا لە مانگی ئابدا 412 جار پەلاماری «عەین عیسا» و ناوچەکانی ڕۆژاوای «گرێسپی» داوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاژانسێکی هەواڵی لەڕۆژئاوای کوردستان لەزاری وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی «گرێسپی» ئاماژەی دا بە پاشهاتەکانی هێرشی بەربڵاوی تورکیا و بەڵێنی دا ڕووبەڕووی پەلامارەکانی سوپا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە دەبێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار لەزاری «وسام عمر» وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی (گرێسپی)ییەوە ڕایگەیاندووە: "لە مانگی ئابدا تورکیا ھێرشەکانی چڕ کردۆتەوە، ٤١٢ ھێرشی کردووە، ئەو هێرشانە بۆ سەر ناوچەکانی "عەین عیسا" و گەڕەکەکانی "گرێسپی" و دواتر بۆ سەر "تەلتەمەر" و دوای ئەوە "عەین عیسا" و "مەنبەج" ئەنجام دراون.

ناوبراو دەشڵێت: ئەم هێرشانە کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت، جگە لە زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی، زیانی بە موڵک و ماڵی خەڵکیش هەبووە.

وەسام عومەر جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی "گرێسپی" لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا شکستیان بە هەوڵی دزەکردنی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بۆ ناو گوندی "مشرفە" هێناوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی "گرێسپی" ڕایگەیاند کە ئەم ئەنجومەنە بەڵێن دەدات ڕووبەڕووی هێرشەکانی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە دەبێتەوە کە بۆ داگیر کردنی خاکی سووریا ئەنجام دەدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار