سێ لایەنی سیاسی لەهەرێمی کوردستان:  نابێت پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر دوابخرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەرسێ لایەنی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوى ئیسلامى) ڕایدەگەیەنن پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر نابێت پەکبخرێت و جەختیشیان لەسەر پڕۆژەو دیدگاکانی خۆیان کردۆته‌وه‌ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوبووەتەوە تیایدا هاتووە: ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى هه‌رسێ لایه‌نى (گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوى ئیسلامى) له‌سلێمانى كۆبونه‌وه‌و چه‌ند داواو پێشنیازێكیان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردن پێشكه‌شكردو جه‌خت له‌سه‌ر هەمواری یاساى هه‌ڵبژاردن‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوى كۆبونه‌وه‌كه‌، ئه‌مڕۆ لەمەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لەسلێمانى، هەرسێ دەزگاى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان، كۆمه‌ڵى دادگه‌رى‌و یەکگرتوی ئیسلامی بۆ تاووتوێکردنى چەند پرسێکى تایبەت بەهەڵبژاردنەکان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن‌و هەوڵدان بۆ دەربازبون لەم دۆخە چەقبەستووەی هەرێم‌و گەیشتن بەڕێگه‌چارەی هاوبەش کۆبونەته‌وە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا، "لەکۆبونەوەکەدا دەزگاى هەڵبژاردنى هەرسێ لایەن جەختیان لەسەر پڕۆژەو دیدگاکانی خۆیان کردۆته‌وه‌ بۆ هەمواری یاساکەو ئەنجامدانی هەڵبژاردن، وتویانه‌، پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر نابێت پەکبخرێت".

هاوکات هەر سێ لایەن داوایانكردوه‌، لایه‌نه‌كان بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش‌و هه‌رچى زوه‌ ناکۆكیەکان كۆتایی بێن، بەئامانجی لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەک لەداهاتودا هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەردو دور لەساختەکاریی بەڕێوەبچێت.

گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو جه‌ختیانكردۆته‌وه‌، "هه‌رسێ لایه‌ن له‌باره‌ى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردن‌و كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن‌و بابه‌تى تۆمارى تایبه‌ت به‌كۆتاكان بۆچونى خۆیان ده‌ربڕیوه‌".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار