ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا 14 کۆڵبەر بریندار کراون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنها لە ماوەی پێنج ڕۆژدا 14 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کراون.

 ڕۆژی یەک شەممە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و دوو کەسیان بریندار کردووە و کۆڵبەرێکیشیان دەستبەسەر کردووە، لە هەمان ڕۆژدا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودیش دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆیان بریندار کردووە.

رۆژی دووشەممەش کۆڵبەرێک لە سنووری هەنگەژاڵ لە ناوچە سنوورییەکانی بانەدا بریندار بووە.

بریندارکردن و هێرشکردنە سەر کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنورییەکان لە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە، کۆڵبەری بە فەرمی ناناسێ و هەر کەسێک بچێتە ناوچە سنوورییەکان، وەکو سەرپێچیکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

دوای ئەوەی لە ٢٠١٧ دا حکومەتی ئێران بۆ رێکخستنی سنوورەکان بازاڕچە و دەروازە نیمچە فەرمییەکانی داخست.

لەو کاتەوە ساڵانەدا زۆرجار بەرپرسان گوتوویانە، سنوورەکان رێکدەخەنەوە و بە پلانی نوێ رێڕەوە کۆڵبەرییەکان دەکەنەوە، بەڵام هیچیان سەری نەگرتووە.

هەروەها سەرۆککۆماری ئێرانیش رۆژی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆ "رێگری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ" داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد "بازاڕچە سنوورییەکان چالاک و رێکبخرێنەوە"و "رێوشوێنێک بۆ رێکخستنەوەی ئەو کاڵایانە دابنێت کە کۆڵبەرەکان" دەیگوازنەوە.

کۆڵبەرەکان دەڵێن، پشتگوێخراویی ناوچە سنوورییەکان و دۆخی خراپی ئابووری، رێگەی دیکەی جگە لە کۆڵبەریی بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار