نێچیرڤان بارزانی: كێشه‌كانی عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنی لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر نابن

3 ساڵ لەمەوپێش



نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ‏پێشوازی له‌ خاتوو باربارا لیف یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ‏ناوه‌ڕاست و شاندێكی یاوه‌ری كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا و به‌ڕێز كونسولی گشتیی ‏ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكی ئاماده‌ی بوون، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ‏سیاسیی عێراق و هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی سه‌ختییه‌كان، په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانی ‏نێوانیان تاوتوێ كران.‏

خاتوو لیف، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان لێره‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ‏په‌یامی پابه‌ندییان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ‏گوتی ئه‌مه‌ریكا به‌ گرنگی و بایه‌خێكی زۆره‌وه‌ له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌موو ‏پشتگیرییه‌كی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رقه‌راربوونی ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسی له‌ عێراق دووپات ‏كرده‌وه‌.‏

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ‏ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانی عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنی هیچ هێز و لایه‌نێكی سیاسی چاره‌سه‌ر نابن و پێویسته‌ پێكهاته‌كانی عێراق به‌ ‏گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، شێوازێك بۆ پێكه‌وژیان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه‌.‏

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌بوونی یاسای دابه‌شكردنی ‏داهاته‌كان و نه‌وت و گازی به‌ كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق و ئارامی و سه‌قامگیریی ‏سیاسیی وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی ‏كێشه‌كانی پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی و پشتگیریی ‏وڵاتی دۆست هه‌یه‌. ‏

په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی ‏كوردستان و گرنگیی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند ‏پرسێكی جێبی بایه‌خی هاوبه‌ش، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار