هاوڵاتی زانیاری لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان لەپارێزگای سلێمانی بڵاودەكاتەوە
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان لەپارێزگای سلێمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم فشار لەوەبەرهێنەران دەكات بەزوویی كارەكانیان تەواو بكەن، سەرچاوەیەكیش لەشارەوانی سلێمانی دەڵێت لەئێستادا هەر وەبەرهێنێك كاتێك پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك لەپارێزگای سلێمانی جێبەجێ بكات.
سەرچاوەیەك لەیەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" بەشێكی زۆری وەبەرهێنەران دەیانەوێت دەستبكەنەوە بە كاركردن لە پرۆژەكانیاندا، لە شارەوانی و فەرمانگەكانیش رۆتیانی زۆر بۆ وەبەرهێنەران دروست دەكرا، و قوباد تاڵەبانیش فشاری كردووە دەست بە پرۆژەكان بكرێتەوە، كە پرۆژەی خانووبەرە و كارگە و گەشتیاری و كشتوكاڵی تێدایە".
وتیشی:" لەلایەن خودی وەبەرهێنەرەكانەوە پارە بۆ پرۆژەكان دابین دەكرێت، وەك پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی مایۆركا و شاری ئارام و پرۆژەی گەشتیاری و هۆتێل و نەخۆشخانەی ئەهلی تێدایە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئێستا 55 پرۆژە ئەگەر بكەوێتەوەكار ئەوا نزیكەی 50 هەزار هەلیكار لەسلێمانی دەڕەخسێت".
هاوكات، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رۆتین نەهێڵدرێت و دامودەزگاكانی حكومەت لەسلێمانی كاراتر بكرێت".
وتیشی:" 370 پرۆژەی وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێكردن پێشكەش كراون، هەوڵدەدەین كارەكانیان خێرا بكرێت و ڕێگرییەكان نەهێڵدرێت".
عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:"ئەو 55 پرۆژەیەی دەستبەكاركردنیان كراوە بە تەواوی ڕانەگیرابوون، 20 پرۆژەیان نوێن و 35 پرۆژەش كارەكانیان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم خاو ببوونەوە، قوباد تاڵەبانی پێی وتین دەبێت بەزووترین كات تەواو بكرێن".
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی:"پرۆژەكان هەلی كار و خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن لەپارێزگای سلێمانی، كە بریتیت لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار و كشتوكاڵی، هەموو فەرمانگەكانیش سەرقاڵی دیراسەكردنن تا رێوشوێنەكان ئاسانتر بكەن".
عەزیز سەعید دەڵێت:"فەرمانگەكانی حكومەت بەباشی دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێناوە بۆیە پرۆژەكان بەسستی بەڕێوەدەچون و بەشێكیشیان ڕاگیرابوون، قوباد تاڵەبانی بەڕوونی بەبەڕێوەبەرەكانی وت هەركەسێك كارەكانی خۆی ناكات كەسی دیكە دەهێنینە شوێنیان".
هاوكات سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:"نزیكەی ساڵێكە بەپێی بڕیارێكی نوێی شارەوانی، هەر بەڵێندەر یاخود وەبەرهێنێك كاتێك زەوییەكی بۆ وەبەرهێنان و پرۆژە پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك جێبەجێ بكات، بەوەش جموجوڵی ئابوری و بازرگانی لەسلێمانی دەستپێدەكاتەوە".
وتیشی:"بۆ نمونە پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری كە لەماوەی ڕابردوودا كە لەلایەن دەروێشەكانی تەكیەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی گرفتی بۆ دروستكرا، ئێستا دەستكراوەتەوە بە پرۆژەكەو لەلایەن بەڵێندەرەكەوە دروست دەكرێت و حكومەتی هەرێم پارەی بۆ دابین نەكردووە".

