سەعید بارانی ٣١ ساڵە تەمەنی خۆی بەخشیووە بە کۆکردنەوەی پارچە کەلەپوورییەکان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاو‌ڵاتی

له‌قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش سەعید بارانی وەک لێکۆڵەرێک ٣١ ساڵە تەمەنی خۆی بەخشیووە بۆ کۆکردنەوەی پارچە کەلەپوورییەکان و تا ئێستا، توانیوویەتی زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی لە مۆزەخانەی قەزای بەردەڕەش کۆبکاتەوە و پارێزگارییان لێ بکات.

سەعید بارانی-ی لێکۆڵەر یەکێکە لەو کەسانەی کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووری کوردەواریی سنووری قەزای بەردەڕەشە و لێکۆڵینەوەی لەسەر زۆر بابەتی میژوویی سنوورەکە کردووە، ئەو باس لەوە دەکات کە لە پێناو پاراستنی کەلەپووری کوردەوارییدا، حەزبە کۆکردنەوەی پارچەی مێژوویی و کەلەپووریی ھەبووە و لە ساڵی ١٩٧٦ ئەو کاتەی کە قوتابی بووە، سەردانی مۆزەخانەی زانکۆی مووسڵی کردووە و لەو کاتەدا، بیرۆکەی ئەوەی بۆ پەیدا بووە کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووردا بێت و مۆزەخانەیەک لە سنووری پارێزگای دھۆک بکاتەوە.

سەعید بارانی لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، ئەو هەلەمان بۆ رەخسا و دەستم کرد بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووریی لە سنووری قەزای بەردەڕش و زیاتر دوو ھۆکار ھەبوون کە دەستم بەم کارە کرد، یەکەمیان لەبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کە مەترسی لەناوچوونی کەلوپەلی کەلەپووری دروست کردووە، چونکە دەبێت مرۆڤ رابردووی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی داھاتووی دیاربێت، دووەمیان لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی بەعسی لەناوچوو ھەموو گوندەکانی کوردستانی تێکدا و وێرانیکردن، تەنھا ١٠٠ گوندێکی بەردەڕەش مابوونەوە، بۆیە بە دەرفەتم زانی دەست بە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە بکەم کە مەترسی لەناوچوویان لەسەرە، بەھۆی نەبوونی شوێنەوە، سەرەتا خانووی خۆم کرد بە مۆزەخانە و لە رێگای جۆراوجۆرەوە داوامان لە خەڵکی گوندەکان کرد کە ئەو پارچە کەلەپوورییانەی کۆنن و موڵکی پیرانمانن و لە ماڵەکانیان ماون، بۆ ئەوەی لەناونەچن و پارێزراو بن، ئەوا بیهێنن لەو مۆزەخانە دایبنێن، چونکە تاکە شوێن کە ھەندێک شتی کۆنی تێدا مابوو، گوندەکان بوو".

سەعید بارانی گلەیی دەکات لە نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ مۆزەخانە لە قەزاکەیان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەناچاری کەلوپەلەکانی لە ھۆڵێکی ناوەندیی وەرزش و لاوانی بەردەڕەش داناوە و کردوویەتی بە مۆزەخانە، ئەو شوێنە ئێستا زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی تیادا کۆکراوەتەوە کە کۆنترین پارچەی بازنێکە کە تەمەنی ١٤٩ ساڵە، ھەروەھا جووتە پێلاوێک لە مۆزەخانەکە هەیە کە تەمەنی ٨٠ ساڵە و چیڕۆکەکەی بریتییە لەوەی کاتی خۆی گەنجێکی ئەم ناوچەیە، بۆ دەستگیرانەکەی لە بەردەڕەشەوە بەپێ دەچێتە شاری حەلەب باکووری سووریا و جووتە پێلاوێکی بە دیاری بۆ دەکڕێت.

لە دیارترین ئەو پارچانەی کە لە ساڵانی کۆندا بەکارھاتوون و لەناو مۆزەخانەکەی سەعید بارانی-دا پارێزراون و دەبینرێن فترەی سفر، ترگاری ئاو، بەردە سێل، درویشە، کەژی، سەرەدی گەنم، کەژی، تەوشۆ، قادە، قەڵانگ، پارزین، تەشکەبەر، قەرتاڵە، ھەمبانە، کورتان، شەی خۆری، سم تراش، زەنگوڵ، کەرستی ناڵبەندی، ناڵ، مەقەسی موو، بێلۆک، قەڵانگ، گاسن، مەنجەڵ، پەرداخ، قاپ، دەستاڕ، خشڵ و بابەتی جوانکاری ژنان، رادیۆ، ماکێتی لەدەست دروستکراو، فەرش، بەڕە، گڵێم، لبادی چنراو، بڕنەو، جلی کوردی و سەربازیی شۆڕشەکانی سەدەی رابردوو، دەسک و دۆڵ، پێڵاو، جانتای چنراو، گۆزە، کونە و ھەزاران پارچەی دیکە کە ھەندێکیان تەمەنیان زیاتر لە یەک سەدەیە.

سەعید بارانی ئاماژەی بەوەش دا کە چەندجارێک داوایان کردووە شوێنێکی تایبەت بۆ مۆزەخانەی بەردەڕەش دروست بکرێت، ھەر چەندە شوێنێک لە بەردەڕەش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دیاریی کراوە کە بکرێتە مۆزەخانە و کتێبخانە، رێژەیەکی زۆری بیناکە تەواو کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی قەیرانی داراییەوە کار تیایدا وەستاوە و گوتیشی: "داوا دەکەین کە ئەم بینایە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم پارچە کوردەوارییانەی کە کۆمانکردووەتەوە کە بەھا و ناسنامەی کوردن ھەر بە پارێزراوی بمێننەوە".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار