سەنتەری میترۆ: هێزێک بە چەکی قورسەوە چونە سەر کەناڵی زووم

4 كاتژمێر لەمەوپێش
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر کەناڵی ئاسمانیی زووم لە شاری سلێمانی. بەڕێوەبەری کەناڵەکە دەڵێت، ئەوان لە باڵەخانەکەیاندا نەماون.
ئیدارەی کەناڵی زووم کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە نەچنەوە بۆ دەوام، هەروەها پەخشی هەموو بەرنامەکانی راگرتووەو لە ئێستادا تەنیا چەند دیمەنێکی راستەوخۆ پەخش دەکات.
دواهەمین پۆستیشیان لەسەر فەیسبووک دوو کاتژمێر پێش ئێستا بووە.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ وتى: "هێزێکی گەورەی ئەمنی بە چەکی سووک و قورسەوە بەسەر کەناڵی ئاسمانیی زوومیان داداوە".
کەناڵی ئاسمانیی زووم بە میدیای بەرەی گەل دادەنرێت، کە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
رەحمان غەریب گوتی: "لە کەناڵەکە تەنیا پەیامنێرێک هەبووە بە ناوی محەممەد دڵشاد و هێزەکە دەستگیریان کردووە، لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی".
هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری کەناڵی زووم ئاماژەى بۆ ئەوەکرد ئاگاداری هێز نین، چونکە پێشوەختە کەناڵەکەمان چۆڵکردووە.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پەخشی کەناڵە بە دانانی کامێرایەکی جێگر بە شێوەی راستەوخۆ بەردەوامە.
ئەمە دووەمجارە هێزەکانی یەکێتی هەڵدەکوتنە سەر میدیاکانی لاهوور شێخ جەنگی. لە 08ـی تەمموزی 2021، کاتێک ناکۆکی کەوتە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هێزەکانی یەکێتی بارەگای تەلەڤزیۆنی ئای پڵەسیان کۆنترۆڵکرد، کە ئەوکات لاهوور جەنگی خاوەنداری دەکرد.

