دەستەی مافی مرۆڤ: تۆمەتبار ببەنە گرتووخانە نەک بارەگای حزبی

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو بۆ دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک هێزێکی زۆر بە چەکی قورس جوڵەی پێکراو بەهۆی شەڕەوە نائارامییەکی زۆر لە سلێمانی دروستکرا. ئاماژەشیداوە، هێزی جێبەجێکار بۆ دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو پۆلیسە نەوەک هێزی دیکەن.
لە ڕاگەیەندراوەی دەستەکەدا هاتووە؛ شەوی 22-8-2025، بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب) و (پ،ج،ب) و (ڕ،ح،غ) لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سووک و قوڕس کۆبوونەوە و چوونە ئەوشوێنە، کە بەلالەزار ناسراوە و شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداو و دەرەنجامەکانی دەکات و ڕایگەیاندووە، بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات.
هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سووک و قورس بەکارهێنراوە .
جەختیشی کردووەتەوە، بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتووخانە و نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حزبی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی ، بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، بەڵام بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتووە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێگ بڵاودەکاتەوە لەسەر گرژیەکانی دوێنی شەوی شاری سلێمانی.
شەوی 2025/8/22 بەمەبەستی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێک بەناوەکانی (ل،ج،ب)و(پ،ج،ب)و(ڕ،ح،غ)لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی هێزیکی زۆری ئەمنی جۆراو جۆر بەچەکی سوک و قوڕس کۆبونەوەو چونە ئەوشوێنە کە بەلالەزار ناسراوە.کە شوێنی نیشتەجێی داواکراوەکانە
بەداخەوە ڕووبەڕوو بونەوەی سەخت و شەڕێکی چوار کاتژمێری لەو ناوچەیە ڕویداو تا کاتژمێر هەشتی بەیانی بەردەوام بوو کوژراوو برینداری لێ کەوتوەتەوە.
ئەو ڕووداوە نائارامی زۆری دروست کرد لەشاری سلێمانی و خەڵکی ئەو ناوچەیەی نیگەران کردو ترس ودڵە ڕاوکێی بڵاوکردەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو ڕووداوەو دەرەنجامەکانی دەکات و بەهەموو شێوەیەک شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەکاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێکاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەکات.
وە لامان وایە بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەوەک هێزی دژە تیرۆرو هێزی تر کە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاوازو چەکی سوک و قوڕس بەکارهێنراوە .
وە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتن و گواستنەوە نەوەک شوێنی تر و بارەگای حیزبی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دەکات بۆ ڕادەست کردنی هەر کەس و داواکراوێک بەڕێکاری یاسایی خۆی بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێکی تر ڕەت دەکەینەوە بۆدەستگیرکردنی داواکراوان کە بەداخەوە دەبابەو دۆشکەو چەکی قوڕس بەکارهاتوە ئەمە زیاتر لەنمایشێکی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم.
لێرەوەش نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لەوەی کە هەندێ لەو هێزە ئەمنیانە لەکاتی دەستگیرکردنی چەند کەسێک ڤیدۆ وێنەیان گرتووە ودواتر کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش پیشان داوە بەدەستگیرکراوی و دەست بەستراوی ناویان لێ دەنێن بەدیل گیراو لەکاتێکدا تۆمەتبار بێ تاوانە تا یەکلایی بونەوەو چەسپاندنی تاوانەکەی لەسەری لەلایەن دادگاوەو ڕێگە پێ دراو نیە لەپێناو شکوی مرۆڤەکان حاڵەتی لەو جۆرە پیشان بدرێ.
بەداخەوەین بۆ گیان لەدەستدان و بریندار بونی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوە بونە قوربانی، هیوامان وایە لەو کەیسەو ڕووداوانە یاسا سەروەر بێت هەر دادگا لەڕێگای رێکارە یاسایەکان ئەم کەیسەیەکلای بکاتەوە نەوەک هیچ لایەنێکی تر.
بەداخەوەش چەند جارێکە بەکارهێنانی ئەو هێزانە بۆ ڕووداوو کەیسی تر دووبارە دەبنەوە لەشاری سلێمانی لەکاتی بونی ململانێکان.
وەک دەستەش لەنزیکەوە بەردەوام دەبین لەچاودێری کردنی ئەو ڕوداوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
22ی ئابی - 2025

