پێنج ساڵ بەسەر ڕیفراندۆمدا تێدەپەڕێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ پێنجەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە کە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ دا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕیفراندۆمی “سەربەخۆیی کوردستان” لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجامبدەن، ئەو لایەنانەی بەشداربوون لە ئەنجومەن بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێکهاتەکان.

لەبەرامبەردا دوو بەرەی دژ دەرکەوتن، یەکەمیان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی بایکۆتی ڕیفراندۆمیان هەڵبژارد و بەرەی دووەمیش جوڵانەوەی ‘نەخێر لە ئێستادا’یان ڕاگەیاند.

لە ٢٥/٩/٢٠١٧، ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا ٤ ملیۆن و ٥٦١هەزار و ٢٥٥ کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم هەبوو، ٣ ملیۆن و ٣٠٥ هەزار و ٩٢٥ کەس بەشداریان لەو راپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە ٧٢%، لە ریفراندۆم ٢ملیۆن و ٨٦١ هەزار و ٤٧١ کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە ٩٢%.

لە ئاستی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتیشدا، هەریەک لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، بولگاریا، ئەڵمانیا، چین و ئیسپانیا، دژایەتیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و داوایان لە بارزانی کرد، کە ئەو پرۆسەیە ڕابگرێت چونکە شکستدەهێنێت، جگە لەوەی کە ئێران، تورکیا و عێراق، بەڕاستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی سنوور و دانانی گەمارۆیان دەکرد لەسەر هەرێم.

دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گەمارۆکان لەسەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، فڕۆکەخانەکانی هەرێم داخران و جموجوڵی بازرگانیی بەتەواویی لە دەروازە سنوورییەکانەوە کەمیکرد، دەوڵەتانی عێراق، ئێران، تورکیاش لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد.

پێش ڕیفراندۆم حکومەتی عێراق هەوڵی زۆریدا، ڕیفراندۆم لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نەکرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێم سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچانە، هەر دوای ڕیفراندۆم حکومەتی ئەوکاتی عێراق، داوای لە هەرێمی کوردستان کرد پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێندراوەکان بکشێنێتەوە و سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ساڵی ٢٠١٤ جێیان هێشتبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار