کێبڕکێی تاموچێژ لەنێوان کەبابی ئادانا و کەبابی ئورفا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کەبابی ئادانا کە بە کەبابی تیژ و کەبابی ئورفا کە بە کەبابی بێتیژی بەناوبانگن، بوونەتە هۆی کێبڕکێی نێوان ئەو دوو شارە لە تاموچێژی کەبابدا.

وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئادانا رۆژانە بە چەقۆی گەورە گۆشتی بەرخی نێر دەکەن بە قیمە و دوای ئەوەی لەگەڵ خوێ و هاڕاوەی بیبەردا دەیشێلن، بە شیشەوەی دەکەن، بەڵام وەستاکانی دروستکردنی کەباب لە ئورفا دوای کردنە قیمەی گۆشتی بەرخی نێر تەنها خوێی پێدا دەکەن و بە شیشەوەی دەکەن.

دوای برژانی کەباب لەسەر ئاگری خەڵووز لە ئادانا خەیار، سەوزە، تەماتە و بیبەری بژراو و لە ئورفایش سەوزە، پیاز و بیبەری لەگەڵدا دادەنێن.

ئەم دوو شارە کە بەناوبانگن لە کەبابی بە تاموچێژ و لەگەڵ یەکتردا لە کێبڕکێدان خواستێکی زۆر لەسەر کەبابەکانیان هەیە.

سەرۆکی هۆبەی ئادانا لە کۆمەڵەی خواردنگەکان و گەشتیاریی، بیراڵ سەرتاش بە ئاماژەدان بەوەی کە کێبڕکێ لەسەر کەبابی نێوان ئەم دوو شارە دەمێکە هەیە، گوتی: "هەردوو جۆرە کەبابەکە تاموچێژی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە کاتێکدا تاکە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، هاڕاوەی بیبەر بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت. گۆشتی ئەو بەرخانە بۆ کەبابی ئادانا بەکار دەهێندرێت کە لە چیاکانی تۆرۆس گەورە بوون و تەمەنیان ساڵێکی تێپەڕ نەکردووە".

وەستای کەباب، جەودەت دارگن بە ئاماژەدان بەوەی کە بە چێژەوە کەبابی ئادانا دروست دەکەن، گوتی: "تەواوی تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی کەبابێک پێشکەش بە داواکاران بکەین کە تاموچێژێکی ناوازەی هەبێت".

هاووڵاتی حوسێن ئەرکان کایا کە حەزی لە کەبابی ئادانایە گوتی: "خۆشترین کەباب هی ئادانایە. هەرچەند وەستاکانی دروستکردنی کەبابی ئورفا باس لەوە دەکەن هی ئەوان خۆشترە، بەڵام بە بۆچوونی من کەباب نییە شان لە شانی کەبابی ئادانا بدات".

سەرۆکی ژووری چێشتخانە و کوبەی گۆشت و شیرینیەکانی ئورفا، مەهمەت شاکاک بە ئاماژەدان بەوەی کە کەبابی ئورفا لە گۆشتی ئەو بەرخە نێرانە دروست دەکرێت کە لە دەشتودەری هەردوو قەزای سیڤەرەک و وێرانشار گەورە بوون، گوتی: "لە کاتێکدا لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان چەندین جۆر بەهارات و سەوزە لە کەباب دەکرێت، بەڵام کەبابی ئورفا سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت".

وەستای دروستکردنی کەبابی ئورفا، نوسرەت ئاکباش بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە کەبابی ئورفا سادە و سروشتییە و تەنها خوێی پێدا دەکرێت، گوتی: "تەنانەت دوگیش لەو کەبابە ناکرێت، ئەوانەی دەیخۆن تامێکی زۆر خۆش لەو گۆشتە دەکەن. بەپێی داواکاری لەگەڵ کەبابەکەدا تەماتەی برژاو، بیبەری ئورفا و پیاز پێشکەش دەکرێت".

عەبدوڵڵا یوکسەل کە سەردانی ئورفای کردووە ئاماژەی بەوە دا کە کەبابی ئورفا تامێکی زۆر جیاوازی هەیە.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار