بەشدار حەسەن کاتی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان ئاشکرا دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەچاوپێکەوتنێکدا سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند، ئەگەر ئازادکردنی مەرجدار دەستگیرکراوانی بادینان نەگرێتەوە، ئەوا ئازادکردنیان دەکەوێتە نێوان مانگەکانى ١٢ ى ئەمساڵ و مانگى ٦ى ساڵى ئایندە، دەشڵێت، لە ئێستادا شێروان شێروانی و هاوڕێکانى گواستراونەتەوە بۆ شوێنێک، کە ئێمە نازانین لە کوێیە.
بەشدار حەسەن، سەرۆکى تیمى پارێزەرانى، دەستگیرکراوانى بادینان سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانى بادینان بە ئاژانسی (ڕۆژنیوز)ی ڕاگەیاندووە: پرسى دەستگیرکراوانى بادینان دابەشدەکرێت بۆ چەند بەشێک و یەکێک لەوانەش دۆسیەى دەستگیرکراوانى شیلادزێییە، کە ماوەى دوو ساڵ زیندانیکران بەپێى ماددەى ٢١ ساڵى ٣٠٠٣ ى پەرلەمانى هەرێم، ئێمەش ئازادکردنى مەرجدارمان لە دادگاى دەشتى هەولێر پێشکەشکرد، بەڵام ڕەتکرایەوە.
بەشدار حەسەن لەبارەى ڕەتکردنەوەى داواکەیان وتیشى: سەرەتا پێیان وتین ئەمانیش ئازادکردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە و هاوشێوەی هاوەڵەکانی تریان، کە لە هەولێر و بادینان، بە هەمان ماددە گیرابون و دواتر ئازاد کران، بەڵام دواتر داواکاری گشتی ڕای خۆی گۆری بەهۆی دەستێوەردانی حزبی و دادگاش پشتی بە بۆچونی داواکاری گشتی بەست و ئەویش ڕەتی کردەوە .
ئەو پارێزەرە باسیلەوەشکرد، پاشان لەگەڵ تیمی پارێزەران لە ڕێگای دادگای تاوانی سێی هەولێرەوە ئەم پرسەمان تەمیزکردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانیش دوای ماوەیەکی زۆر بریارەکەی کەتنی دەشتی هەولێریان پشت راستکردەوە و وتیان: ئەمان ئازادکردنی بە مەرج نایانگرێتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ڕەتکردنەوەى داواکەمان پشتیان بە بڕیارێکی دادگای تەمیزی ساڵی ٢٠١٨بەستووە، کە ئەو بڕیارە تایبەتە بە موکافەحەی تیرۆر و ئەو بڕیارەش بۆ تیرۆرستانی داعش بۆیە مەترسیەکی گەورە هەیە لەسەر ڕەوشی دادوەرى، چونکە کەوتوەتە ژێر هەژمونی حزبی و لەئێستاشدا بارو دۆخێکی خراپ دروستبووە لە کوردستان .
بەشدار حەسەن سەبارەت بە دۆخى سەبارەت بە شێروان شێروانی ئەوەى خستەڕوو، لە ئێستادا شێروان شێروانی و هاوڕێکانى گواستراونەتەوە بۆ شوێنێک، کە ئێمە نازانین لە کوێیە، زۆریش هەوڵمانداوە بیانبینین، بەڵام ڕێگەمان پێ نادرێت و گومان دەکرێت کەیسێکی دیکەیان بۆ شێروان شێروانی دروستکردبێت، کە ئەمەش جێگای داخە ئەم دەسەڵاتە بە شەش ساڵ زیندانیکردنی دڵی ئاو ناخواتەوە و هەستاوە بە بێ سەروشوێنکردنی.
سەرۆکى تیمى پارێزەرانى بادینان سەبارەت بە دۆسیەى مەلا شڤان، هەریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و گوهدار زێباری وتى: ئەگەر ئازادکردنی بە مەرج جێگیر بکرێت ئێمە هەفتەی داهاتوو داوای دەستوەردانى چاکسازى دەکەین لە سەرۆکی دادگای تەمیزی کوردستان و هەم لە ئەندامانی دادگای تەمیز، لەگەڵ دەستەی پارێزەران لە هەوڵەکانمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبین و ئەگەر سەربگرێت هەموویان سودمەند دەبن لە ئازادکردنی بە مەرج.
لە کۆتایشدا بەشدار حەسەن، ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئازادکردنی بەمەرج جێبە جێ نەکرێت و حوکمی خۆیان تەواو بکەن، ئەوا دەستگیرکراوانى شیلادزێ لەنێوان ڕۆژانى ١٠ بۆ ١٥ی مانگی ١٢ ى ئەمساڵ ئازاد دەکرێن و ئەوانی دیکەش دەکەونە مانگی ٦ى ساڵی داهاتوو، تەنها شێروان شێروانی، نەبێت، کە ئازادکردنەکەی دەکەوێتە مانگی ٦ ى ساڵی داهاتوو.
