ناڕەزایەتییەکانی سێشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەڕای ئەوەی 46 رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و لە زۆربەی شارەکانیش کاسبکار و خوێندکار و گەنجان بە شێوازی جیاواز بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران. لانیکە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵات و 133 شاری دیکەی ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە و لە 129 زانکۆی وڵاتەکەشدا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەردەوامە و پڕۆسەی خوێندن لە زۆربەیان هەڵپەسێردراوە.
گەنجانی مەریوان و دیواندەر جارێکی دیکە هاتنەوە شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە و شەویش ناڕەزایەتییەکان لەو شارە بەردەوام بوە. هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی دەسەڵات زۆربەی شەقام و گەڕەکە سەرەکییەکانی شاری دێڵوڕان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەمارۆ دەدەن و تەقە لە گەنجانی شارەکە دەکەن بەڵام سەرەڕای ئەوەش گەنجانی ئیلام بەردەوامبون لە دروشم و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندوە ئەمشەو هێزە ئەمنییەکانی ئیلام هەڵیانکوتاوەیە سەر ماڵی خەڵک و زیاتر لە 10 گەنجی ئەو شارەیان دەستگیر کردوە.
رۆژی سێشەممە هاوشێوەی رۆژەکانی دیکە لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ 47ەمین رۆژ ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو. سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە رۆژی سێشەممە کاتژمێر (1:00) نیوەڕۆ چوار خوێندکاری خوێندنگەی ناوەندیی (باهونەر) لە سنە دەستگیر کراون. لە زانکۆی پزشیکی شاری سنە خوێنکاران دورشمی ژن، ژیان ئازادی-یان وتەوە و بە هەڵپەڕکێ بازنەی ناڕەزایەتییەکانیان گەورەتر کرد. هەر ئەمڕۆ 240مامۆستای زانکۆکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بێڕێزیی و بەزاندنی سنوری زانکۆکاننیان ئێدانە کرد و رایانگەیاند؛ بەرپرسیارێتی گیانی خوێندکاران و خەڵکی پارێزگاکە لە ئەستۆی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای سنەدایە. زانکۆکاکانی ئەلزەهرا، تەباتەبایی و شەریف، خارەزمی، ئەمیرکەبیر و بەهەشتی و چەند زانکۆیەکی دیکە ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەڕێوچو و خوێندکارانیش بە دروشم رایانگەیاند هەر خوێندکارێک لە زانکۆ دوربخرێتەوە ناڕەزایەتییەکانی گەورەتر دەبێت.
لە زانکۆی یەزد خوێندکاران داوایان کرد سەرجەم ئەو 150 خوێندکارەی زانکۆکە کە دورخراونەتەوە رێگە بدرێت بگەڕێنەوە زانکۆکە. خوێندکارانی زانکۆی پەیامنێرانی شاری مەشهەد پڕۆسەی خوێندنیان هەڵپەسارد و گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا گردبونەوە لە زانکۆی پیشەسازیی ئەسفەهان بەڕێوەچو و پڕۆسەی خوێندن لەو زانکۆیەش هەڵپەسێردرا. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبێلی رێگای سەرەکیی کارکردن لە کانی زێڕی (ئەنجیرەک) لە ناوچەی تەفتان لە پارێزگاکەیان داخستوە. ئەوە دوەمجارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرامبەر سەرکوتی خەڵک ئەو کانە زێڕە کە بە گەورەترین کانی زێری ئێران ئەژمار دەکرێت و یەدەگی ئاڵتونەکەی دەگاتە 49 ملیۆن تەن داخراوە. لە بازاڕی گەورەی شاری تاران و لە ناوچەکانی نارمەک و پونەک و ئێکباتان و چەند شوێنێکی دیکە گردبونەوە و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دروشم دژی دیکتاتۆر و رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە.
هەر لە تاران سەرەڕای رێگرییەکان بە بەشداریی سەدان کەس چلەی مەرگی سیاوەش مەحمودی تەمەن 17 ساڵ بەڕێوەچو کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابو. شەوی سێشەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەرلین بە بەشدارایی سەدان کەس گردبوەنەوە بەڕێوەچو و داوایان کرد دەستگیرکراوان و زیندانیکراوانی ئەم دواییانەی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران دەستبەجێ ئازاد بکرێن. 46 رۆژە لە زۆربەی شەقام و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزیەتی و خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت لەو ماوەیەدا بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران 287 کەس کوژراون کە 46 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و 14 هەزار و 161 کەسیش دەستگیرکراون.
