لە ھەولێر گەنجێک براکەی خۆی بە یانزە فیشەک دەکوژێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێک لە گەڕەکی تەیراوای هەولێر براکەی خۆی بە یانزە فیشەک کوشتووە وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش ڕایگەیاند بکوژو کوژراو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوون و ڕوداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد : شەوی رابردوو کاتژمێر 01:30 خولەکی شەو، لە گەرەکی تەیراوە گەنجێک برا گەورەکەی خۆی کوشتووە.
وتیشی کوژراوەکە ناوی جێگر رێگر مستەفایە و تەمەنی 21 ساڵە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری کیا سپۆرتاج کوژراوە لە لایەن براکەیەوە بە ناوی ج. رێگر مستەفا تەمەن 19 ساڵ کە 11 فیشەکی پێوەناوە و کوشتویەتی ، دەشڵێت، "بکوژ و کوژراو بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەربوون.
ئەوەشی ڕونکردەوە لە لایەن کوژراوەوە چەندین کەرەستە و ماددەی قەدەغەکراو دەستی بەسەرداگیراوە. کە پێکهاتوون لە یەک تاپڕ و چوار فیشەک، دەمانچەیەک و شەش فیشەک، برێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، جامایکا، تلیاک، هیرۆین. هەروەها تەرازووی ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی کێشانی ماددەکە.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا "دوای دەستگیرکردنی بکوژەکە، دەستمانگرت بەسەر چەند کەرەستەیەکی ماددەی هۆشبەر، چەکێکی کلاشینکۆف کە هی کوژراوەکە بووە و بکوژ بەکاریهێناوە."
