لە مانگێکدا 20 کەس لە عەفرین رفێنراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە مانگێکدا لە کانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان 20کەس لە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رفێنراون.
ئیبراهیم شێخۆ، وتەبێژی رێکخراوی عەفرین- سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاند، لە مانگی رابردودا لە سنوری عەفرین، 20 کەس لە لایەن گروپە هاوپەیمانەکانی تورکیاوە رفێنراون کە دو کەسیان ژن بون.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی عەفرین لە لایەن گروپی تەحریر شام-ەوە رایگەیاند؛ روداوەکە شانۆگەرییە و بە فەرمانی تورکیا بەڕێوەچوە.
وتەبێژی رێکخراوی عەفرین- سوری، باسی لەوەشکرد کە بە هاتنی گروپی تەحریر شام باج لەسەر جوتیارانی عەفرین کە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی زەیتونن، زیادی کردوە و لە ئێستادا 40 بۆ 65٪ لە جوتیاران وەردەگیرێت.
شێخۆ جەختی لەوە کردوەتەوە کە بە هاتنی گروپی تەحریر شام هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەی عەفرین زیاتر بو.
