ئایتەن دێرسیم: دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ بە خێرایی لە نێو ژنانی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئایتەن دێرسیم، ئەندامی دەستە بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) وتارێکی بە ناونیشانی “فیداکارییەکانی فەلسەفەی ئازادی” لە ماڵپەڕی پارتەکەدا بڵاوکردووەتەوە و تیادا باسی لە گرنگی چالاکی مێرسین کرد کە دژی بنکەیەکی پۆلیس لەلایەن دو هاوڕێیانەوە ئەنجامدرا.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری پاژک دەشڵێت: وەک دوێنێ، ئەمڕۆش ئەو دۆخەی کە تیایدان دۆخی بەرخۆدان و سەرکەوتنە، بە ئەندازەی ئاو ڕوونە، ئەم تێکۆشانە تێکۆشانی هەبوونی ژنان و گەلانە، کە نکۆڵییان لێ دەکرێت”.
ئەوەشی وتووە: لە ڕاستیی نیو سەدە خەباتدا مێژوو شاهیدی هەزاران بەرخۆدانی ئەفسانەیی و قارەمانە و قوربانیدانی گەورە بوو. پێشەنگانی خەبات و تێکۆشان کاتێک دەستیانپێکرد، دەیانزانی، قوربانیی زۆر گەورە دەدەن. بۆیە هەر لە سەرەتادا وتیان: “ئەم گەلە هەیە و دەشبێت. ڕێپێوان لەسەر ئەم رێگایە ڕێبازی حەقیقەت و شکۆ و شەرەف و ئازادییە’.
لە سیکردنەوەکەیدا وتوشیەتی: ئەوان دەیانزانی شەڕڤانی ئازادی بە مانای هەستانەوەیە لە بەرامبەر هەموو جۆرە سەختی و گرفتێک. ئەمە فەلسەفەی ژیانی ئایدیۆلۆژیای ڕێبەرایەتییە، کە ئەم بزووتنەوەیە کردووەتە بووەتە هیوای ژنان و گەلان.
دێرسیم ڕآسیگەیاند: لە دیالێکتیکی بزووتنەوەی ئازادیدا هاوڕێیان بۆ هەر سەردەمێک رێنمایی و تێڕوانینی بەرخۆدان و ئیرادەیان بە ئەنجامدانی چالاکیی نیشانی هەموان دەدا لەچوارچیوەیەدا باسی لە چالاکی دو هاوڕێیان لە مێرشی کردووە و دەڵێت: بەم ئیرادەیە هاوڕێیانمان سارا و روکەن، کە بە خۆشەویستی و عەشق و دڵسۆزیییان بۆ مرۆڤایەتی، بوونە پێشەنگی هێڵی ژیانی فیدایی و تۆمارکردنی مێژووی ئازادیی ئەم سەردەمە. لە مێرسین، واتە لە شوێنێک، کە دوژمن هەرگیز پێشبینی نەدەکرد، بە چالاکییەکەیان، بە فەلسەفەی ئازادی ڕاستیی ژنێک، کە خۆی پەروەردە کردووە، بە هەموان نیشاندا. دەبێت بە باشی لە چالاکی، ڕێپێوان و میرات و کەلەپووری هەڤاڵانمان سارا و روکەن تێبگەین”.
لە درێژەی وتارەکەیدا باسی ئەوەیکردووە “لە کەسایەتیی خوداوەندەکانمان سارا و ڕووکەندا جارێکی تر ئەوە دەبینرێت، کە ڕەگی مێژووی ئازادیمان، ڕەگ و ڕیشەمانە، مێژووی تێکۆشانمانە، کە هەزاران ساڵە ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتووە. لە ئێستاوە، بە بیری و ڕامانی ئازاد و شێوازی چالاکیی دروست، ئێمە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین و سەرکەوتن ڕادەگەیەنین”.
بەبیری هێناوەتەوە “بزووتنەوەی ئازادیی ژنان ماوەی نیو سەدەیە لە چیاکاندا کۆمەڵگای ئازادی دروست دەکات، ماوەی ٣٠ ساڵە سوپابوونی دامەزراندووە حیزبی بۆ دامەزراندووە، پارادایم و تێڕوانینی بۆ ژیان ئافراندووە و بە متمانە بەخۆبوون رێگای خۆی دەبڕێت. هەڤاڵانمان ڕوکەن و سارا بوونە هەنگاوی پێشکەوتن و بوونە دەرەئەنجامی ئەو بەهایانە، کە بزووتنەوەی ئازادیی ژنان ئافراندویەتی”.
دەشڵیت: ژنانی ئازاد کە بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و بە سەرتاسەری ئێراندا بڵاوبووەتەوە، لە پێشەنگایەتیدا گیانیان بەختکرد و بوون بە فەلسەفە. ئەم فەلسەفەیە شەپۆل بە شەپۆل و بە خێرایی لە نێوان ژناندا بە هەموو جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و یۆتۆپیای ئازادی و کۆنفیدرالیزمی ژنانی جیهان دەئافرێنێت.
