دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا: تورکیا مادەی 18ی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە نوێترین بڕیاریدا ڕایگەیاند، تورکیا مافەکانی 14 پەڕلەمانتاری سەر بە هەدەپەی پێشێل کردووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی "میزۆپۆتامیا" دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاند: فیگەن یوکسەکداغ و 13 پەڕلەمانتاری تری سەر بە هەدەپە بەزیندانیکردنیان لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە، مافی دەنگدان و خۆکاندید کردن و ئازادی ڕادەربڕینیان پێشێلکراوە، ئەمەش پێشێلکردنی مادەی 18ی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە.
دادگا ئەوروپاییەکە، هەر لە بڕیارەکەیدا بڕی 184و 600ی یۆرۆی وەک قەرەبووی دارایی لە بەرژەوەندی فیگەن یوکسەغداغ و پەڕلەمانتارانی تری هەدەپە بەسەر حکوومەتی تورکیادا سەپاندووە.
شایانی باسە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش و ژمارهیهك پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە و هەزاران کادرو لایەنگری ئەو پارتە دهستگیركراون و تائێستا له زینداندان.
