سیامەند موعینی: پژاك هیچ كاتێك لەلیستی تیرۆردا نەبووە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان–پژاك لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند: پژاك هیچ كاتێك لەلیستی تیرۆردا نەبووە، ئەوە شەڕێكی تایبەتە كە بەدژی پژاك دەكرێت.
ئاشكراشیكرد: مێزێكی تایبەت، هاوكارییەكی تایبەت لە نێوان ئیتڵاعاتی ئێران و میتی توركیاو پاراستنی ماڵی بارزانیدا هەیە، هەموو هەوڵێك دەدەن پژاك لەڕوانگەی سیاسی و دیبلۆماسی تەنانەت لەناو خودی گەلی كوردیشدا وای نیشانبدەن كە پژاك لەگەڵ ئەو گەلە نیەو ئەو بەشێك نیە لەو گەلە، ئەوەش لەچوارچێوەی شەڕی تایبەتە، ئێمە ساڵانە بەدەیان كۆنفرانس و سمینارو خۆپیشاندان بەناوی پژاك لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەكەین، هیچ كاتێك بەربەستمان لەلایەن هیچ وڵاتێكی ئەوروپاو ئەمریكاوە تەنانەت هیچ وڵاتێكی دنیاوە نەبووە.
وتیشی: باسكردنی ئەوەی كە پژاك لەلیستی تیرۆردایە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە تایبەتەدایە، پژاك لەلستی تیرۆردا نیە، بۆیە لەگەڵ هەر دانیشتن و لەگەڵ هەر حزورێكی گشتیدا بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆن لەئێران پژاك لەگەڵی دەبێت بەناسنامەی خۆیەوە، دەتوانم زۆر بە راشكاوی بڵێم نەبوونی پژاك لەنێو رێكخستنێكی وادا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە پژاك هێزێكی مەیدانیە و ئەو شۆڕشەی لە ئێران دەستیپێكردووە ئەوە نیشاندەری ئەوەیەو بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرابوو كەهێزی ئەو فەلسەفەیە چەند بەهێزەو چەند دەتوانێت بەخێرایی بچێتە ناو جەماوەر و دەتوانێت ئاڵوگۆڕ دروست بكات.
هاوسەرۆكی پژاك دەڵێت: پژاك ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لەداهاتوودا ببێتە بەشێك لەهێزێك كە بۆ ئازادی لەئێران و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات، هیچ سازشێك لەگەڵ هیچ هێزێك ناكات و ئەگەر بیەوێت رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان بەگشتی بەكۆیلەتی بهێڵێتەوە، بەداگیركراوی بهێڵێتەوە، بۆیە ئێمە شەڕو تێكۆشان بەدژی ئەو زیهنیەتەش دەكەین.
