راوێژکارێکی سەرۆکوەزیران: رەشنووسی یاسای 2007ـی نەوت و گازی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە رایدەگەیێنێت، لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، بەڵام تەنیا رەشنووسی ساڵی 2007 بۆ هەرێمی کوردستان باشە وتوێژی لەسەر بکات، دەڵێت: "دەبێت هەرێمی کوردستان شاندێک و تیمێکی تەواو شارەزا بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا ئامادەبکات و پسپۆڕی یاسایی و نەوتی بن و زۆر ئاگاداری دەقەکانی نێو رەشنووسەکە نوێیەکە ببن، کە ئامادە دەکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2022، د. بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق کە بەپێی کارنامەی محەممەد شیاع سوودانی و رێککەوتنی لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەبکرێت، بە رووداوی گوت: لە عێراق سێ رەشنووسی یاسای نەوت و گاز هەن، یەکەمیان رەشنووسی ساڵی 2007ـە کە تارادەیەک جێی رەزامەندیی هەرێمی کوردستان بوو و ئێستاش دەستکاریی دەوێت و رەنگە ئەمە باشترین بێت، رەشنووسێکی دیکە نووسرایەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوت بوو ئەمە باش نەبوو و زۆر دژی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، دواتریش لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش رەشنووسێکی دیکەی ئامادەکرد، ئەم دوو رەشنووسەی کۆتایی خراپن و نابێت هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە بکات، ئەگەر نا دەبێت رەشنووسێکی نوێ ئامادەبکرێت.
باشترین بژارە، بە بڕوای ئەو شارەزایە لە بەردەم هەرێمی کوردستان لەو سێ رەشنووسە، ئەوەی ساڵی 2007ـە. هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان شاندێکی شارەزای یاسایی و نەوتیی پسپۆڕ و تەواو ئاگادار ئامادەبکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و ئاگاداری هەموو کەلێنە یاساییەکان بێت و هەموو وردەکاریی پڕۆسەی نەوت و گاز بزانن، بۆ ئەوەی رەشنووسێک دەرنەچێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
رۆژی چوارشەممە، 09-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق دا.
