داوای تەمیزكردنەوەی سزادانی دوو مێردمنداڵەكەی كەلار دەكرێت برای یەكێك لە سزادراوەكان بۆ هاوڵاتی دەدوێت
3 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
دادگای نەوجوانانی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان لە ڕۆژی 8ئەم مانگەدا سزای زیندانی بۆ دو مێر منداڵ بەناوی سابیر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا دەرکرد کە یەکێکیان نەوەی دوەمی ئەنفالە و نۆ کەس لەخانەوادەکەی ئەنفالکراون. هۆکاری سزادانەکەیان لەسەر سێ سکاڵا بوە و دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردنکردن لە خۆپیشاندانەکەی مانگی ئابی ساڵی 2020 کە بەشێک لە بینای قایمقامێتی قەزای کەلار و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆی گەرمیان سوتا، بەتۆمەتی سوتانی موڵکوماڵی گشتی دادگا سزای چوار ساڵی زیندانی بەسەر ئەم مێرمنداڵانەدا سەپاند، ئەمەش ناڕەزای و نیگەرانی لێكەوتوەتەوەو چالاكان و ڕۆژنامەنوسانی سنورەکەش داوادەکەن بڕیارەکە تەمیز بکرێتەوە. خانەوادەی یەکێک لەگەنجەکان و چالاکوانان دەڵێن زیندان شوێنی دزو گەندەڵکارانە و ئەم دو مێرمنداڵە بونەتە قوربانی.
دلێرکەریم، چالاکی مەدەنی بە هاوڵاتی راگەیاند:" پێویستە ئەم دوو گەنجە بە یاسای خۆپیشاندان سزا بدرێن لەکاتێکدا ئەگەر هەرچ تاوانێکیش بەسەریاندا ساخبێتەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانیە دادگا بەیاسای سزادانی عێرقی مامەڵەی لەگەڵ کردون کە نەدەبوو ئەم بڕیارە قورسەیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەمانیش وەک هەر تاکێکی تر هاتونەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کردوە و بەتەنها نەبون کە ئێستا تەنها ئەمان بەبیانوی سوتانی موڵکوماڵی گشتی سزادراون".
وتیشی:"کاتێک کە خۆپیشاندان دەکرێت هەموان وەک یەک بەشداری لەو ناڕەزایەتیانەدا دەکەین نەک کوڕی هەژار سزابدرێت و خەڵکانێکی دیکەش بۆی دەرچن، لە گریمانەی ئەوەی تۆمەتەكەشیان بەسەردا ساخبێتەوە، ناكرێت بەو شێوە توندە سزا بدرێن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: پێویستە دادگاکان بێنە دەنگ بەرامبەر ئەو کەسانەی کە موڵك و ماڵ و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەدزن و بەفیرۆی دەدەن دەیان کەیسی لەم شێوازە هەیە بۆ چی دادگا بێدەنگە لێیان کە ئەمە جێگەی پرسیارە، و دێت سزا بەسەر خەڵکی فەقیردا جێبەجێ دەکات، کە ئەم دو مێر منداڵە لە زینداندا تێکەڵی هەمو خەڵکێک دەکرن ئەمە جێگەی مەترسیەو بۆدوا ڕۆژی ئەم مێرمنداڵانە".
قانع ئەحمەد، برای یەکێک لە سزادراوەكان بۆ هاوڵاتی دواو وتی: " لە سەر ئەم کەیسە لە ساڵی 2020بۆ ماوەی 12 ڕۆژ براکەم دەستگیر کراو دواتر بەکەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد کرا، دوابەدوای ئەوە هیچ کات بانگ نەکراوەتە دادگا چەند ڕۆژێك پێش ئەوەی سزا بدرێت تەبلیغێکمان بۆهات لەلایەن پۆلیسەوە کە براکەم سبەینێ دادگای هەیە، دایکم و سابری برام ڕۆشتن بۆ دادگا پێکەوە ڕۆشتبونە بەردەم دادگا و لێی پرسیبوو تۆ بەشداریتکردوە لە سوتای بینای قایمقامیەت ئەویش وتبوی تەنها لە پرسگەی قایمقامیەتدا کە ئاگرەکە کرابویەوە من مقەبام خستۆتە سەری ئیتر هیچ کارێکی دیکەم ئەنجامنەداوە، حاکمەکەش پێی وتبوو تۆ بانزینت کردۆتە سەر ئاگرەکەدا باشە بڕۆ تەواو".
وتیشی:" دوای ئەوەی دایکم براکەم دێنە دەرەوە پۆلیس دەستگیر دەکات و پێی دەڵین تۆ چوارساڵ حکوم دراوی کە ئێمە هیچ شتێکمان نەزانی و توشی شۆک بین و ڕێگەیان نەدابو دایکم قسەش بکات و براکەمیان بردبو".
وتیشی،" سابیری برام لەگەڵ هاوڕێکەی بەهەمان شێوە لەیەک ڕۆژدا سزای چوار ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا کە لە پێشوتردا لەیەکەم ئیفادەداندا پێیان وتبوو هەرچیەکت کردوە باسی بکەو ئازادت دەکەین، ئەمە هەڵخەڵەتاندنە بۆ براکەم چونکە تەمەنی ئەو کاتە لەخوار 18ساڵیەوە بو".
نەشاد عومەر، پارێزە و ئاگادار لەکەیسەکان بە هاڵاتی وت:"دادگا بەمادەی 342 یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سوتانی موڵکو ماڵی گشتی سزای ئەم دو گەنجەی داوە کە دەکرا بەیاسای خۆپیشاندان یاخود بەپێبژاردن مامەڵەی لەگەڵیان بکردایە".
وتیشی، " ئەو تاوانەی کە بەسەریان ساخ بوەتەوە ئەوندە قورس نیە بەوشێوەیە حکوم بدرێن بۆ نمونە سابیر ئەحمەد تەنها ئەو تاوانەی بەسەردا ساخبوەتەوە دەستی هەبوە لە سوتانی پرسگەی قایمقامیەت کە دوو سکاڵای تریشی لەسەر کرابوو بەسەریدا ساخ نەبوەتەوە ".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"لە ڕوانگەی یاسایەوە نابێت هیچ کەسێک ناچار بکرێت کە بەزۆر قسە بکات، وە ئەم بڕیارەی کە دراوە بڕیارێکی قورسە بۆ ئەم دو مێرمنداڵەو ئێمە داوا دەکەین کە تەمیزبکرێتەوە".
