لە هەولێر ٤٧ هەزار کەس بە تووشبووی شەکرە تۆمارکراون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی سەردەم و لەم نەخۆشییەدا، رێژەی گلوکۆزی خوێن بەرز دەبێتەوە و لەش ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بۆ دابەزاندنی شەکری خوێن بەرھەمبھێنێت یان لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و بەم بۆنەوە ئەنسۆلین ناتوانێت کاری ئاسایی خۆی راپەڕێنێت.
ساڵانە رێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییەوە لە هەڵکشاندایە و پزیشک و پسپۆڕانیش دوو هۆکار بە تووشبوونی ئەم نەخۆشییە دەزانن، یەکێکیان بۆ ماوەیی و قەڵەوییە، ئەوەی دیکەیش بەھۆی لەناوچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین.
لە هەولێر سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، تاکە سەنتەرە کە تایبەت بێت بە نەخۆشی شەکرە و زۆرینەی ئەوانەی بەدوای پشکنین و وەرگرتنی چارەسەردا دەگەڕێن، سەردانی ئەو سەنتەرە دەکەن و بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەرەکەش ئاشکرای دەکات کە لەماوەی ١٠ مانگی رابردوودا، هەزار و ٩٢٥ کەس تووشی نەخۆشی شەکرە بوون و تووشبوویەکی شەکرەش کە ماوەی هەشت ساڵە بە مەبەستی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر سەردانی شوێنەکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پزیشکەکەی هۆکاری تووشبوونی بە نەخۆشییەکە گەڕاندووەتەوە بۆ زۆر دانیشتن و کەمی جووڵە.
تووشبووی شەکرە، شوان حەمید عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی هەشت ساڵە هاتوچۆی ئەم سەنتەرە دەکەم، لێرە پزیشکی باشی لێیە و سێ مانگ جارێک دێم پشکنینی سێ مانگەی شەکرە دەکەم و پزیشکەکەم هۆکاری تووشبوونەکەی منی گەڕاندەوە بۆ زۆر دانیشتن و جووڵەی کەم، هەموو سێ مانگ جارێک دێم پشکنینی سێ مانگە دەکەم و ئەمجارە رێژەکە دابەزیووە بەراورد بە سێ مانگی رابردوو".
لە هۆڵی چاوەڕوانییەکەدا، بە دەیان نەخۆش لەسەر کورسییەکان دانیشتوون و چاوەڕێی ئەوەن نۆرەیان بگاتێ و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، پزیشکەکەش بەهۆی زۆری نەخۆش و کەمی کاتەوە، نەیتوانی باس لە هۆکار و چارەسەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بکات.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، سامان عوسمان لەبارەی ئامار و داتاکانی یەک ساڵی رابردووی تووشبووانی شەکرە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لە رۆژی جیهانیی تووشبووانی شەکرە، ئێمە جگە لە کار و چالاکییەکانمان، ئەوا ئاماری ساڵانەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە رادەگەیەنین، ئامارەکانی ئەمساڵیش بریتیین لە هەزار و ٩٢٥ کەس لەم ژمارەیەش هەزار و ٥٤٢ کەس خەڵکی هەولێرن، ٣١١ کەس ئاوارە و ٧٢ کەسیش منداڵن".
بە گوتەی بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە، کۆی گشتی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە لە هەولێر بریتییە لە ٤٨ هەزار کەس و رۆژانەش نزیکەی ٢٠٠ نەخۆش سەردانی سەنتەرەکە دەکەن و مانگانەش ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی دەرمانی پێویست سەردانی دەرمانخانەی سەنتەرەکە دەکەن بریتیین لە هەزار و ٦٧٠ نەخۆش.
لەبارەی پۆڵینکاریی بۆ ئەو تەمەنانەی کە زیاتر سەردانی سەنتەرەکە دەکەن، سامان عوسمان گوتی: "ئەوانەی سەردانمان دەکەن لە هەموو تەمەنەکانن کە بریتیین لە منداڵ، گەنج و پیر، بەڵام ئێستا ماوەی دوو ساڵ دەبێت زۆرینەی ئەوانەی سەردانمان دەکەن منداڵن کە بچووکترینیان تەمەنی شەش مانگ بووە".
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٣٤ هەزار کەس؛ لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٣٧ هەزار و ٥٥٥ کەس؛ لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٣٩ هەزار و ٧٠٠ کەس؛ لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٤٤ هەزار و ٦٢٦ و لە ئەمساڵیشدا، ٤٧ هەزار کەس وەک تووشبووانی شەکرە تۆمارکراون".
نەخۆشی شەکرە بریتییە لە دوو جۆری سەرەکی، یەکەمیان شەکرەی جۆری یەک بە ھۆی لەناوچوونی خانەکانی بێتا لە پەنکریاسدا بەدی دێت کە دەبێتە ھۆی کەموکوڕی بەرھەمھێنانی ئەنسۆلین. لە جۆری دووەمیشدا لەش لە بەرامبەر ئەنسۆلینەوە خۆڕاگری دەکات و ناھێڵێت رێژەی شەکری خوێن دابەزێنێت. لە شەکرەی جۆری دووەمدا ھۆکارەکانی بۆماوەیی، قەڵەوی و تەمبەڵی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
رۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک لە سەرانسەری جیھاندا بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە ناسراوە و لە ھەرێمی کوردستانیش بەهۆیئەوەی رۆژ بە رۆژ رێژەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن لە ھەڵکشاندایە، بەو بۆنەیە ھەڵمەتی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.
