کەجەکە: سیناریۆی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند؛تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ پیلانگێڕیەکە بە ئاماجی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.
کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە )راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ بڵاوکردەوە و وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو هێرشە رایگەیاند: تۆمەتبارکردنی بزوتنەوەکەمان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە لە تورکیا پیلانگێڕیەکەی تاریکیان هەیە.
کەجەکە ئاشکری کردوە کە ئامانجی بەردەوامیی تۆمەتبارکردنی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی داگیرکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا.
راگەیەندراوەکەی کەجەکە لە کاتێکدایە، سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ رایگەیاند؛ ئەو کەسەی کە تەقەمەنیەکەی لە شەقامی ئیستقلال داناوە لە کۆبانێ-وە نێردراوە و لە عەفرینەوە هاتوەتە ناوخاکی تورکیا.
دوای لێدوانی وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئیستانبۆڵ هەریەکە لە ناوەندی پاراستنی گەل و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رەتیان کردەوە پەیوەندیەکیان بەو تەقینەوەیەوە هەبێت.
