هەولێر: سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ سێشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازیی لێکرا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاندووە لە دیدارێکدا دوا پێشھاتەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد و پابەندیمان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی پارتی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەئێستادا لەپیرمام سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەکۆبوونەوەدایە.
دوای سەردانەکەی سەرککۆمار بۆ پیرمام، بڕیارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی سەردانی شاری دهۆک بکات، هاوکات وا بڕیارە سەردانی ژمارەیەک لە خێوەتگەکانی ئاوارەکان بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە وابڕیارە لە رۆژانی 15 تاوەکو 17ـی ئەم مانگە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەر یەکە لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارن.
