سوپای پاسداران: بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان لە هەرێمی کوردستان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای پاسداران داوای چەک کردن و دەرکردنی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێم دەکات سوپای پاسدارانی رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 2) بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم.
سەرچاوەیەک لە سوپای پاسداران رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی راگەیاندوە؛ تا ئەو کاتەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی چەکیان لێنەسەندرێتەوە و لە خاکی هەرێمی کوردستان دور نەخرێنەوە هێرشەکانی ئێران دژی ئەو پارتانە بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەکە رونی کردوەتەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (رەبیع 1) و (رەبیع 2) لە لایەن ناوەندی حمەزە-ی سەر بە سوپای پاسداران هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە کراوەتە سەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەمان سەرچاوە بۆ ئاژانسی تەسنیم جەختی لەوە کردوەتەوە هێرشەکانی رۆژی دوشەممە(14/11/2022) لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رەبیعی 2 لە دژی ئەو پارتانە بەڕێوەچوە و تا چەک کردن و دەرکردی ئەو پاراتە نەیارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. سوپای پاسداران پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێم تۆمەتبار کردوە بە هاندان و بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان و دروستکردنی مەترسیی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
رۆژی دوشەممەی رابردو سوپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە لە ماوەی 45 رۆژدا بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردەوە سەر بنکەو پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز و بڕادۆست کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی دو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و برینداربونی هەشت کەسی دیکە
