قائیمقامیەتی سلێمانی چەند ڕێنماییەک بڵاودەکاتەوە بۆ ئەو پاس و تاكسيانەی هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاكسيانە دەکات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن، و بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومیەکانی سنوری هەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوە ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک لیژنەی چاودێریکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە.
لەسەر راسپاردەی قائیمقامی سلێمانی لیژنەی هاتوچۆی گواستنەوەی خوێندکارانی سەر بەلیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە رێکخستن و چۆنییەتی گواستنەوەی خوێندکاران دەرکردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی کە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوکاری خوێندکاران لێی ئاگادار بن:
1. ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن.
2. پاسەکان دەبێت مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بێت. 3.
رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت. 4.
لە بەشی کارگێری هەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان پێکهاتووە کە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێرو پاسەكانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات کە خوێندکاران دەگوازنەوە.
5. تیژرەوی لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاران رێگە پێدراو نییە.
6. لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاراندا نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و هۆکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن.
7. پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەکان جگە لە رۆژانی هەینی پارەکەی دەگەرێتەوە بۆ خوێندکارەکان.
8. دانانی پەردەو ئاوێنەی زیادە رێگە پێدراو نییە.
9. لەڕووی نرخەوە پابەندی ئەو نرخانەبن کە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەکرێت.
10. نرخی گواستنەوە بە پێی ناوچەی جوگرافی و دور و نزیکی و تایبەتمەندی شوێنەکە دیاری دەکرێت.
هەروەها لە ڕێنماییەکاندا هاتووە بۆئەوەی هیچ خوێندکارێک نەبێتە قوربانی، قایمقامیەتی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی ئەو پاس و تاکسیانەی کە هاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن،
ڕاشیگەیاند هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات قائیمقامیەتی سلێمانی ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو دەگرێتە بەر، وە داوای لە بەخێوکەران و کەسوکاری خوێندکاران کرد کە لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێرکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە.
