وردەکاری مەراسیمی بەخاکسپاردنی قوربانیانی تەقینەوەکەی سلێمانی
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە مەراسیمێکدا و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ١٤ قوربانی تەقینەوەکەی سلێمانی پێکەوە بە خاک دەسپێردرێن و قوربانی ١٥ هەمینیش کە وەستاکەیە دەبرێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییەکان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی، تەرمی 14 کەس لەوانەی کە لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە 14 ئامبوڵانس لە دادپزیشکیی سلێمانییەوە بەرەو مزگەوتی بابەشێخی سیرێ بەڕێکران و دوای رێوەڕەسمە ئایینییەکان، رەوانەی گۆڕستانی کەڵەکنی سلێمانی دەکرێن و لەوێ دەنێژرێن
تەرمەکان گەیێندرانە مزگەوتی بابەشێخی سیرێ و لەوێ لەلایەن هاونیشتمانییەکەی زۆرەوە نوێژیان لەسەر کرا، دوای بەڕێکردنی تەرمەکان بۆ گۆڕستانی گەڵەکن لەوێ بە خاک دەسپێدرێن.
یەکێک لە تەرمی قوربانییەکان حوسێن گوڵکارە کە وەستای شۆفاژەکە بووە و خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە گوتەی پەیامنێرانی رووداو کە سەرقاڵی رووماڵی رێوەڕەسمەکەن، تەرمی گوڵکار لە دادپزیشکیی سلێمانی دەمێنێتەوە و دواتر رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێتەوە
لە شوێنی تەقینەوەکەدا چادر هەڵدراوە و کورسی دانراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرسەکە و پرسەی پیاوان لەو شوێنە بەڕێوەدەچێت.
لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رێکاری پێویستیان گرتووەبەر بۆ بەڕێکردنی تەرمەکان و دروستنەکردنی قەرەباڵخی.
لەنێو مزگەوتەکەدا، هەریەکە لە زاگرۆس فەتاح، نوێنەری سەرۆک بارزانی، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان و چەند مامۆستایەکی ئایینی گوتاریان پێشکێشکرد و پرسە و سەرەخۆشییان گەیاندە خێزانی قوربانییەکان.
هەروەها دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەواڵی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداریی لە پرسەی قوربانییانی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی دەکات.
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامانی ئەو خێزانەی لە تەقینەوەی ماڵەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی روویدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "لە یەکەم ساتی ئەم رووداوەوە هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوخەمی و پرسە و پشتیوانیان بۆ دەربڕیوین، سوپاسیان دەکەین کە ئامادەبوون بۆ بەشداریکردنی ئەم ماتەمە".
هەروەها سوپاسی خەڵکی سلێمانی کرد، کە یەکدەنگ و یەکدەستبوون بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو کارەساتەی تووشی خێزان بوو بەهۆی لێچوونی غاز و تەقینەوەی ماڵەکەیانەوە، پرسەی ئەو 15 کەسەشی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە پرسەی هەمووان لەلایەن پارێزگارەوە وەسفکرا و داوایکرد، ئەم تەبایی و یەکڕیزییە لە کایەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی شاردا رەنگبداتەوە.
دوای نوێژکردن لەسەر تەرمەکان، 14 تەرمەکە رەوانەی گۆڕستانی کەڵکن کران و لەوێ بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی و هاونیشتمان بە خاک دەسپێردرێن.
