هەپەگە :لە چوار ڕۆژدا ٢٣ سەربازی تورک سزادران

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەپەگە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی چالاكییەكانی هێزەكانیان لە چوار ڕۆژدا  لە ناوچەكانی بەرخۆدان، ٢٣ سەربازی تورک مردن و شەش سەنگەری سوپای داگیركەری توركیش ڕوخێندراون.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی گەریلاكانی  لە ڕۆژانی ١٦ی ئەم مانگە هەتا ئەمڕۆ بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە: "لە ئەنجامی چالاكییەكانی هێزەكانمان لە ناوچەكانی بەرخۆدان، ٢٣ داگیركەری سزادران و سێ داگیركەریش بریندار بوون"

هاوكات بە پێی ئامارەكەی هەپەگە، شەش سەنگەری سوپای داگیركەری تورك و دوو مین-یش لەناوبراون، هەروەها گورز لە هێلیكۆپتەرێكی جۆری سكۆرسكی و ئۆتۆمبێلێكی سەربازیش وەشێندراوە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك جارێك بە بۆمبی قەدەغەكراو و چوار جاریش بە چەكی كیمیایی ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردوە، لە هەمان كاتدا شەش جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٤٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر، دەیان جار بە كاتیوشا، تانك، هاوەن و چەكی قورس بۆردومانی ئەنجامداوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەكە لەو چالاكییەدا سێ گەریلای ئازادیش شەهید بوون، لەوبارەشەوە هەپەگە ئاماژەی بەوەكردووە،" هەڤاڵانمان ملیتان، سەرخۆبوون و نەژوان كە بە گیانی فیدایی و قارەمانێتی بەرزەوە بێ ترس بەرەو سەنگەری داگیركەران چوون و ترسێكی گەورەیان خستە ناو داگیركەران، لەسەر هێڵی فیدایی شەڕیان كرد و گورزیان لە داگیركەران وەشاند، هەر سێ هەڤاڵمان لەو چالاكییەدا بە قورسی برینداربوون، تا كۆتا هەناسەیان شەڕیان كرد، دواتر نارنجۆكیان بە خۆیانەوە تەقاندەوە و شەهید بوون".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار