کۆی زانیارییەکان لەسەر هێرشەکانی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
3 ساڵ لەمەوپێش
درەنگانی شەوی رابردوو، جارێکی دیکە ئێران بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و کۆیە و کەمپی جێژینکانی نزیک هەولێری بۆردوومانکرد و کەسێک گیانی لەدەستدا .
درەنگانی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە و پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە شەهیدبووە.
تەنیا لەم مانگەدا ئەمە دووەمین هێرشی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە هێڕشی پێشتر 14/11/2022، ئێران کەمپی نیشتەجێبوون و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز مووشەکباران کرد و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات حزبی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "داوا لە وڵاتان و ناوەندە جیهانییەکان دەکەین سنورێک بۆ هێرشەکانی ئێران دابنێن."
دەقی بەیاننامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان:
هێرشی مووشەکیی سەرلەنوێی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات
"جارێکی دیکە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مووشەک و درۆن بەئامانج گیرانەوە. نیوەشەوی ئەمشەو، یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نیزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب زیانی گیانیی لێ نەکەوتۆتەوە. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز نیزیک لە سلێمانیش بە دڕۆن لێی دراوە. هێڕشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەریشدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتبۆوە کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەریشدا کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بەئامانج گرتبوو، ٩ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون. بەردەوامیی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمدا شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویڕای مەحکوومکردنەوەی جینایەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕوو لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی ڕادەگەیەنێتەوە کە هەتا بەربەستێکی جیدی بۆ سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەبەیانی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١"
