بریندارێکی هێرشە مووشەکییەکەی 14ی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات گیانی لەدەستدا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەپێ ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی 14ـی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی قوربانییانی ئەو هێرشە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە. 

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە هێرشی مووشەکی رۆژی 23ـی خەزەڵوەر (14ی تشرینی دووەم)ی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتدا بریندار ببوو، شەهید بوو. محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نزیکەی دوو ساڵ بوو لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لاوە شۆڕشگێڕەی کورد بەرلەوەی ریزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات ماندوونەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان لە ئەستۆدا بوو."

بەپێی راگەیێندراوەکە، محەممەدڕەزا لە هێرشە مووشەکیییەکەی سوپای پاسداران بەسەختی بریندار ببوو و ئەمشەو گیانی لەدەستداوە.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە و زڕگوێز. دوای هێرشەکە، شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە "هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان."

دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات رۆژی دووشەممە 21-11-2022 بوو، کە هێرشی مووشەکی و درۆنی بوو بۆ سەر کەمپەکانی کۆیە و جێژنێکان و زڕگوێز و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار