کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمانی کوردستان چۆن پڕدەکرێنەوە..؟

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان،ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە هەمان لیست دەتوانێت شوێنەکانیان پڕ بکاتەوە و لە حاڵەتی ئەوەی کە لیستەکە ئامادە نەبێت شوێنەکان پڕ بکاتەوە، ئەوکاتە بەڕێژەی سەدی، کورسییەکان بەسەر فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا دابەش دەکرێت.
جەلال محەمەدئەمین بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشبینی دەکەم لە هەفتەی ئاییندەدا، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا ئەوا بە دڵنیایییەوە کەسی دیکە لە هەمان لیست دەچنە شوێنیان".

بەهۆی ناڕەزایەتی لەهەمبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە کە دەستلەکارکێشانەوەی یەکێکیان (شایان کاکە ساڵح لە فراکسیۆنی گۆڕان) پەسەندکراوە و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق کە پێشتر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا پەسەند نەکراوە. بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان رێکارە یاساییەکان لەبارەی ئەم پرسە بگرێتەبەر.

ناڕەزایەتییەکان بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم، جگە لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح فراکسیۆنەکانی دیکەشی گرتەوە و رۆژی یەکی تشرینی دووەم، پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەیشیان بۆ بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گەڕاندەوە و پێنج رۆژ دواتر و لە رۆژی شەشی مانگدا، ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، (سێ پەرلەمانتار) كشانه‌وه‌ی خۆیان راگەیاند و وەرگرتنی مووچەکانیشیان رەت کردەوە، هاوکات ١٢ په‌رله‌مانتار هەمان رۆژ بایكۆتکردنی دانیشتنەکانی په‌رله‌مانی كوردستانیان راگه‌یاند كه‌ بریتیی بوون له‌ فراكسیۆنی كۆمەڵ (حەوت پەرلەمانتار)، چوار پەرلەمانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، دابان محه‌مه‌د حوسێن، ئاشنا عه‌بدوڵڵا قادر و شیرین ئه‌مین) و دیاری ئه‌نوه‌ر-یش وه‌ك پەرلەمانتاری سەربەخۆ.

گوتیشی: "سەبارەت بەو کەسانەی کە بایکۆتیان کردووە، ئەوا رێکاری دیکە هەیە، ئەگەر بە ماددەی ٢٢ و ٢٣ لە پەیڕەوی ناخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوانەی بایکۆتی سیاسیی دەکەن، ئەوا دەتوانن بایکۆت بکەن، ئەگەریش بە نەهاتوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا رێکاری دیکەیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆیە چۆنیەتی شێوازی مامەڵەکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان".

تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە و کورسییەکانیان چۆڵە، لەبارەی چۆنیەتی شێواز و رێکارە یاساییەکان لەمبارەیەوە، جەلال محەمەدئەمین ئەحمەد گوتی: "ئەگەر لیستەکە ئامادەبێت پەرلەمانتاری دیکە بنێرێتە شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان، ئەوا شوێنەکە پڕ دەکرێتەوە، ئەگەرنا سەبارەت بە فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەوا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنیان پڕ بکاتەوە، چونکە کاتی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لیستێکی هاوبەشیان هەبووە، ئەگەریش هیچکامێکیان ئامادەنەبوون شوێنەکان پڕ بکەنەوە، ئەوکات بەڕێژەی سەدی دابەشی سەر فراکسیۆنەکان دەکرێت".

بڕیاردەرەی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێشبینی وایە کە بزووتنەوەی ئیسلامیی شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ دەکەنەوە و گوتی: "لە شوێنی پەرلەمانتار شایان کاکە ساڵح، کەسێک لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە شوێنی".

لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە لیستێکی هاوبەش بەناوی بەرەو ئیسلاح بەشداری پڕۆسەکەیان کرد و بەهۆی رێژەی بەشدارییکردنی ئافرەتانەوە بە سیستەمی کۆتا، بزووتنەوەی ئیسلامی نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت.

هاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ بەشداریکردنیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئاشکرای دەکات کە دوای رێکارە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بابەتەکە دەدات.

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەرتی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە یەک لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لیستی بەرەو ئیسڵاح-مان پێکهێنا، ئێستا برایانی یەکگرتووی ئیسلامیی بە ئارەزووی خۆیان کشاونەتەوە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە چاوەڕێ دەکەین رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەواو ببێت، دواتر ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی دەدات لەوەی بچێتە شوێنی پەرلەمانتارەکان یان نا، چونکە لە رووی یاساییەوە تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ بکاتەوە".

عەبدوڵڵا وەرتی گوتیشی: "دوای رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمان، ئێمەش دیراسەی بابەتەکە دەکەین و ئەوکات بڕیار دەدەین، چونکە بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکە، هەندێک پێیانوایە کە شوێنەکە پڕ بکەینەوە و هەندێکیش لەگەڵ ئەوەن کە بەشداری کاری پەرلەمانیی نەکەین".

رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پەسەند کرد و ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لەنێو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دروست کرد و هەمان رۆژ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و بەدوای ئەویش ٢٠ پەرلەمانتاری دیکە لە فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەیش بە پەرلەمانی کوردستان کرد و هەندێکیشیان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە.

رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح پەسەند کرا و پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، بەڵام وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکراوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار