هاوسەرۆکی هەدەپە: ئاکەپە – مەهەپە بە سیاسەتی شەڕ دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردن کردووە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک عەقڵیەتی دەسەڵاتی تورکیا ببینێت کە بۆ بەرژەوەندی خۆی ژیان و مرۆڤ پشتگوێ خستووە.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کرد و وتی، " تەقینەوە تاریکەکەی تەقسیم و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و هێرشەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێکەوت نییە. بێگومان زۆر پرسیار هەیە کە پێویستە روون بکرێتەوە. 
هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند، وەک ئەوەی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بانگەشەی بۆ دەکات، مۆدێلی بەڕێوەبردنی دیموکراسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا. مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئایندەی هاوبەشی گەلان، ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزەیە کە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە سەپێنراوە،"
بوڵدان دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی بێدەنگن و چەپڵە بۆ ئەم سیاسەتە شەڕەنگێزیە لێدەدەن، ئەم شانۆگەرییە ببینن کە بەرلە هەڵبژاردن نمایشکراوە. پێویستە نەبینە بەشێک لە شانۆگەریەکە. لایەنگری چارەسەری بین و شەڕ رەت بکەینەوە.
رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانیەکەی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تشرینی دووەم، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
هەر ئەمڕۆش، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا کە هاوبەشی دەسەڵاتە، هەدەپەی بە پشتگیریکردن لە پەکەکە تۆمەتبار کرد و داوای کرد، جارێکی دیکە دەست بە رێوشوێنی داخستنی هەدەپە بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار