هەسەدە ئاماری دوێنێی هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەسەدە درەنگانی شەوی رابردوو، ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هێرشەکاندا، دوو شەڕڤانی هێزەکانی دژە تیرۆر شەهید بوون و سێ شەڕڤانیش بریندار بوون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، دوێنێ فڕۆکە جەنگیەکان و درۆنەکانی تورکیا ١٢ جار شار و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کردووە و لە رووی زەمینیشەوە ٥٩٠ گولە تۆپ بەر خاکی رۆژئاوای کوردستان کەوتوون.

لە ئامارەکەدا هاتووە، سوپای تورکیا لە رووی زەمینی و ئاسمانیەوە، ١٢ جار بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن و ٥٩٠ جاریش بە تۆپ، هاوەن و موشەک، هەرێمی شەهبا، باشوری عەفرین، منبج و گوندەکانی، کۆبانێ و گوندەکانی، حەسەکە و گوندەکانی، قامشلۆ و گوندەکانی و گوندێکی دێرەزۆری کردووەتە ئامانج.

قەسەدە دەڵێت، تورکیا لە هێرشەکانیدا، چەندین قوتابخانە و پاڵاگەی نەوتی بۆردومان و تۆپباران کردووە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، چەند گوندێک زەرگان و کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێیان تۆپباران کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار