هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و لە دێرک دوو کەس بریندار بوون
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و لە دێرک دوو کەس بریندار بوون .
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە، تۆپخانە، فڕۆکە و درۆنەکانی سوپای تورکیا، دەستیان کردەوە بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و لە شاری دێرک دوو کەس بریندار بوون.
کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ، سوپای تورکیا ناوەندی شاروچەکی تەل رەفعەتی کانتۆنی شەهبای تۆپباران کرد.
بەگوێرەی زانیاریەکانی هاوڵاتی، ناو بە ناو تۆپبارانەکە بەردەوامە. نزیکەی نیو کاتژمێر لەمەوبەریش، چەند گوندێکی قامشلۆ کرانە ئامانج و ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکان بەسەر ئاسمانی شارۆچکەی رمێلان دەسووڕێنەوە کە زۆربەی دامودەزگا فەرمیەکانی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان لەو شارۆچکەیەن.
هەروەها باسی ئەوە دەکرێت، درۆنەکانی تورکیا وێستگەیەکی غازیان لە نزیک شاری دێرک، کردووتە ئامانج و دوو هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون.
هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) درەنگانی شەوی رابردوو، ئاماری دوێنێی هێرشەکانی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دوێنێ فڕۆکە جەنگیەکان و درۆنەکانی تورکیا ١٢ جار شار و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کردووە و لە رووی زەمینیشەوە ٥٩٠ گولە تۆپ بەر خاکی رۆژئاوای کوردستان کەوتوون
