مەزلۆم عەبدی: هێرشەکانی تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆبانێیە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەزلۆم عەبدی، ڕایگەیاند، ئامانجی ڕاستەقینەی لەشکرکێشی زەمینی سوپای تورکیا، دەستبەسەرداگرتنی شاری کۆبانێیە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی، مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا دەیەوێت دەست بەسەر کۆباێیدا بگرێت و بە شاری عەزازی باکوری حەلەب و ئەو ناوچانەوە بیبەستێتەوە کە لەساڵی ٢٠١٩، داگیرکراون.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی روسیا و ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی زەمینی تورکیا، مەزلۆم عەبدی دەڵێت، " زۆربەی ئەو ناوچانەی کە هێرشیان دەکرێتە سەر، هێزی روسیا و ئەمریکاشی لێیە و دەبێت هەڵوێستیان هەبێت و رێگری بکەن."
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی زەمینی تورکیا بۆسەر خاکی رۆژئاوا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و گورزێکی کاریگەر دەبێت لە هەوڵەکانی شەڕی دژی داعش.
مەزلۆم کۆبانێ لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی سوریا لەم کاتەدا، ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی سیاسەتێکی روون، لەلایەن ئەمریکاوە سەبارەت بە ئایندەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە بۆ رۆژئاوای کوردستان قورس بێت."
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راشیگەیاندووە، چەکدارەکانی جەبهەت النوسرە، بە هاوکاری تورکیا، خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان ئامادە دەکەن و وتی، لە هەموو حاڵەتێکدا، هەسەدە بەرگری دەکات و وڵامی هێرشەکان دەداتەوە.
مەزلۆم کۆبانێ لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ کە تورکیا هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکات وتی، " من پێم وایە ئەو تەقینەوەیە هەوڵێکی تێکدەرانەی حکومەتی تورکیابوو، بۆ ئەوەی زەمینەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان ئامادە بکەن. ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی زۆرمان کردووە و گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشەکە لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە ئەنجامدراوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادا کاردەکەن. بۆ یەکەمجار ئەم زانیاریانە بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەم کە ئەو ژنەی دەستگیرکراوە لە خێزانێکەوە هاتووە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە. سێ برای لە ریزەکانی داعشدا کوژراون. یەکێکیان لە ڕەقە کوژراوە، یەکێکی دیکە لە منبج و یەکێکیشیان لە عێراق کوژراوە. برایەکی دیکە فەرماندەی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە کە تورکیا لە عەفرین پشتیوانی دەکات. بۆیە ئێمە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بە تەقینەوەکەوە نەبوو و سیاسەتێکی لەو جۆرەمان نییە.
ئەمەشلە کاتێکدایە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، " هێرشە ئاسمانیەکان بۆسەر 'باکوری سوریا' بەردەوام دەبێت و لە گونجاوترین کاتدا، بە زەمینیش سوپا دەست بە جووڵە دەکات."
