سوپای تورکیا دەستی بە تۆپبارانکردنی رۆژئاوای کوردستان کردەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای تورکیا لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، سێ گوندی ناوچەی زرگانی سەر بە کانتۆنی حەسەکەی تۆپباران کرد.
ئاژانسی هاوارنیوز، رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ، سوپای تورکیا جارێکی دیکە لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، دەستی بە تۆپبارانی خاکی رۆژئاوای کوردستان کردووە. ئاماژەی بەوەشدا، سوپای تورکیا گوندەکانی تەل وەرد، دادا عەبدال و رەبیعەی ناوچەی زرگانی سەر بە کانتۆنی حەسەکەی بۆردومان کردووە. شەوی رابردووش، چەندین گوند و ناوچەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن فڕۆکە و درۆنەکانی تورکیاوە بۆردومان کران.
هەروەها درۆنەکانی تورکیا لە چواڕیانی عوسمان سەبری ناوەڕاستی شاری قامشلۆ، بارهەڵگرێکیان بەئامانج گرت. بەپێی زانیاریەکان، شۆفێری بارهەڵگرەکە کە هاوڵاتیەکی مەدەنیە بە سەختی بریندار بووە.
لە 19ی تشرینی یەکەمەوە، دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکردووە. هێرشەکانی ئەم جارەی تورکیا، زۆربەی خاکی رۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە.
لەم بارەیەوە دوێنێ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە)، رایگەیاند، تورکیا ئەمجارە ژێرخانی رۆژئاوای کوردستانی کردووتە ئامانج و هەوڵ دەدات، رۆژئاوای کوردستان چۆڵ بکات.
هاوکات بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، تورکیا چاوی بڕیوەتە شاری کۆبانێ و دەیەوێت لە رووی زەمینیەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام بدات. هەر دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە، لە کۆبونەویەکدا لەگەڵ بەرپرسان و پەرلەمانتارانی پارتەکەی رایگەیاند کە دەکرێت لەناکاودا ئۆپراسیۆنی زەمینی رابگەیەندریت.
