رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لە مانگرتندایە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کوشتنی دەیان خۆپیشاندەری کورد لە چەند رۆژی رابردوودا، مانگرتنی سەرتاسەری راگەیاندووە و دوکان و بازارەکان داخراون.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکداندا بڵاوکراونەتەوە، لە شارەکانی ورمێ، مەریوان، مەهاباد، نەغەدە، سەرپەلی زەهاو، سنە، پیرانشار، کامیاران، بوکان، قروە، بانە، کامیاران، جوانڕۆ، کرمانشان، سەقز، رەوانسەر، دیواندەرە و بەشێک لە ناوچەکانی تارانی پایتەختی ئێران و شاری مەشهەد، مانگرتنی سەرتاسەری راگەیەندراوە و زۆربەی هاوڵاتیان نەچوونەتە سەر کارەکانیان و دوکان و بازارەکانیان داخستووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێران، بە شێوەیەکی زۆر توند، وەڵامی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دایەوە و بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی ئێران (هەرانا)، لە ماوەی حەفتەیەکدا زیاتر لە ٧٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بە تایبەتی لە شاری جوانڕۆ و مەهاباد. لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنیەکانی ئێران، بە شێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ بەلوچەکانی ئێران دەکەن کە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هاوشانی ناوچەکانی دیکەی ئێران، دەستیان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی فراوان کردووە.

ئەمڕۆ، عەلی دهقانی سەرۆکی گشتی دادگای خوزستانیش بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، لە شاری خوزستان، ٦١ بە تۆمەتی هێرشی چەکداری سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنیەکان لە شاروچەکی ئیزە دەستگیرکراون کە حەفتەی رابردوودا ئەنجامدرا و شەش کەس لە هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژرابوون.

خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٦ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن پۆلیسی ئەرشەد (ئەخلاق)ی ئێران دەستیپێکرد و نزیکی ٧٠ رۆژە بەردەوامە.

بەگوێرەی، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا، نزیکەی ٤٢٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون. بەرپرسانی ئێرانیش باسی کوشتنی نزیکەی ٦٠ کەس لە هێزە ئەمنیەکان و بەسیج دەکەن.

هەروەها، نزیکەی ١٨ هەزار کەس بە تۆمەتی خۆپیشاندان دژی دەوڵەتی ئێران و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ئێران دەستگیرکراون و چالاکوانان، باسی مەترسی لەسێدارەدانی بەشێک لە خۆپیشاندەران دەکەن.

ڤیدیۆی بەشێک لە شارەکانی ئێران ئەمڕۆ :

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار