هەڵاوسانی ئابوریی تورکیا بۆ 170٪ بەرز بوەتەوە

مارێکێتێک لە ئیستانبوڵ

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە  و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪.

دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪  کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪  بەرزبوەتەوە.

لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە.

لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن.

بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری  لە وڵاتەکەش لە  هەڵکشاندایە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار