سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمان: ئاکەپە دوژمنی سوێندخواردووی کوردە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت کۆبانێ لەناوببات و ئەم هەنگاوەش ئەوپەڕی دوژمنایەتیکردنی کوردە.

دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامە کە بڕیارە دوو حەفتە بخایەنێت. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا فوئاد ئوکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، شارەوانیەکانی هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کرد کە داهاتی شارەوانیەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرن.

'سیاسەت لە رێگەی درۆکردن'

ساروخان ئوکتای سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دانیشتنەکەدا وڵامی فوئاد ئوکتای جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و وتی، " ئێوە سیاسەت لە ریگەی درۆکردنەوە دەکەن. چوار ساڵە ئێمە لەم پەرلەمانەدا بەبیرتان دەهێنینەوە کە لە رێگەی درۆکردنەوە سیاسەت سەرکەوتوو نابێت. یەک شارەوانیشمان نییە کە بەهۆی گەندەلی و بەهەدەردانی پارەی گەلەوە تۆمەتبار کرابێت. ئێوە قەیومتان لە شوێنی سەرۆک شارەوانیەکانی کورددا داناوە. دەستتان بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا گرتووە. گەندەلکار و دزەکان قەیومەکانی ئێوەن. قەیومتان هەیە کە چوار جار بەهۆی دزی و گەندەڵی دەرکراوە. ئێوە دێن و ئەمە دەشارنەوە، بەڵام ئێمە تاوانبار دەکەن."

'ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کوردن'

ساروخان ئوکتای باسی لە دۆسیەی کۆبانێ کرد کە لە ئیستادا لە دادگایە و چەندین پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری کورد لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا، "ئێوە هەوڵی داخستنی پارتەکەمان دەدەن. چەندین سیاسی ئێمەتان دەستگیرکردووە و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنیانیداوە، بەڵام ئازاد ناکرێن. لەم وڵاتەدا چەندین دەسەڵاتی دوژمنی کورد هاتن و رۆیشتن، بەڵام هیچیان وەک ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کورد نین. ئێوە دوژمنی، کوردستانی عێراق، رۆژئاوای کوردستانن. ئێوە دەتانەویت شاری کۆبانێ لەناوببەن کە دڵی گەلی کوردە. باشە لەمە زیاتر دوژمنایەتیەک لەدژی کورد هەیە."

بە گۆرانی مەگری مەگری ناتوانیت خۆت وەک دۆستی کورد پیشان بدەیت

سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە باسی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ شاری روحای باکوری کوردستان و وتنی گۆرانی کوردی 'مەگری مەگری' لەگەڵ ئیبراهیم تاتلیسەس کرد و وتی، " ئاکەپە وادەزانێت کە دەتوانێت حەوت ملیۆن دەنگی کورد بۆلای خۆی رابکێشێت. ئێوە ناتوانن هەدەپە لەناوببەن. دەچن دەف لێدەدەن و گۆرانی 'مەگری مەگری' دەڵێن. بەم شێوەیە ناتوانن خۆتان وەک دۆستی کورد نیشان بدەن. ئێوە هەوڵ دەدەن بەم شێوەیە پارتەکەمان لە سیاسەت دوور بخەنەوە. نە گەلی کورد و نە لایەنە دیموکراتەکانی تورکیا رێگە بەم کارە ئێوە نادەن. لە کۆتاییدا ئەنجامی سیاسەتی دوژمنکارانەتان لەدژی کورد دەبینن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار