ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران 124 رۆژە بەردەوامە

گورزی ناڕەزایەتییەکان بەر سوپای پاسداران و رێککەوتنی ئەتۆمیی دەکەوێت

3 ساڵ لەمەوپێش



124 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبون لە دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی گەنجانی کورد و پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارێکی مێژویدا گەڵاڵەی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد و وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیان بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر کارەکانی سوپای پاسداران نابێت.

ئەمڕۆ لە شاری سنە  سۆما پورمحەمەدی و سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی (نۆژین) لە بەردەم "دادگای شۆڕشی سنە" دەستگیر کرا.

سەیوان ئیبراهیمی، هاوژینی زارا مەحەمەدی-یە کە بە تۆمەتی دروستکرکردنی رێکخراوی نایاسایی پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا و لە ئێستاشدا زار لە زیندانێکی شاری سنەیە بۆ تەواوکردنی ماوەی زیندانیکردنەکەی.

کۆڵبەرنیوز بڵاوی کردوەتەوە؛ باوک و کوڕێک بە ناوەکانی ئەحمەد عەبدوڵڵاپور و شاهۆ عەبدوڵڵاپور لە شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردوە؛ تەنها لە شاری پیرانشار زیاتر لە حەوت کەس دەستگیرکراون و ژمارەی دەستگیرکراونی سنە گەیشتوەتە 4 کەس .

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شەوێکدا شەش گەنجیان دەستگیر کردوە و زیاتر لە 50 رۆژە چارەنوسی دەیان دەستگیراوی ئەو بەشە لە کوردستان نادیارە.

ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها شەوی سێشەممە هێزە ئەمنییەکانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی شاری پیرانشار و دو گەنجیان دەستگیر کردوە کە برا بون و هەر لەو شارە هێزە ئەمنییەکان هونەرمەندێکی کوردیان دەستگیر کردوە.

هاوکات هەر ئەو شەوە سێ گەنج لە شاری شنۆ دەستگیرکراون و دیار نییە ئەو هێزە ئەمنییانەی کە دەستگیریان کردون سەر بە چ دامەزراوەیەکی دەسەڵاتی ئێران بون.

ئەمڕۆش لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام دوو کەسی دیکە دەستگیرکران و بەوەش ژمارەی دەستگیرکراونی 24 کاتژمێری رابردوی رۆژهەڵات گەیشتوەتە زیاتر 16 کەس.

سوپای پاسداران دەخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا

چارلی وێیمێرس، نوێنەری سوید لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە زۆرینە پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتی ئەمڕۆیدا بە کۆی 598 دەنگی بەڵی و تەنها 9 دەنگی نەخێر و 31 دەنگی بێ لایەنن گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاوە جێبەجێ بکرێت.

هەفتەیەک دوای پەسندکردنی پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەخرێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە و سوپای پاسداران بە فەرمی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لە لایەن ئەوروپاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران وەک کاردانەوە بە بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا، رایگەیاند؛ ئەو بابەتە مایەی نگەرانیی نییە و سوپای پاسداران بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی.

 

تمەن دابەزی و زێڕ بەرزبوەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ داخستنی بازاڕەکان لە ئێران بەهای هەر دۆلارێک لەو وڵاتە گەیشتە 42 هەزار 700 تمەن و یەک یۆرۆ بە 46 هەزار و 570 تمەن مامەڵەی پێوەکرا بەوەش لە هەفتەیەکدا بەهای دۆلار نزیکەی 4% بەرز بوەتەوە.

نرخی یەک گرام زێر لە ئێران گەیشتە دو ملیۆن و 13 هەزار تمەن کە بە بەرزترین نرخی مێژویی زێڕ لە وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.

پیشبینی دەکرێت بە پەسندکردنی چوارەم قۆناغی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا، دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی نرخی زێڕ لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار